Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ ئامادە دەکات دژ بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان لە ڕووسیا


لە کاتێکدا کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر گواستنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ ڕووسیا کۆدەبنەوە، یەکێتی ئەوروپا سزای نوێی ئامادە کرد دژی ئێران بەهۆی پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بە ڕووسیا.

ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا داوای کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە بۆ تاوتوێکردنی گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ ڕووسیا و دواتر بەکارهێنانیان لە ئۆکرانیادا.

وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ئەم کارەی ئێران پێشێلکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا مافی بەکارهێنانی ڤیتۆی هەیە دژی هەر بڕیارێک کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا پێشنیار بکرێت.

چەند هەفتەیەکە ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی شاهید – 136 ەوە هێرش دەکاتە سەر شارەکانی ئۆکرانیا بە کیێڤی پایتەختیشەوە، هەروەها هەنگاوی گرتۆتەبەر بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان لەگەڵ ئێراندا.

ئێران و ڕووسیا ڕەتیان کردۆتەوە مۆسکۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بەکارهێنابێت، ئێرانیش دەڵێت دەیەوێت لەگەڵ ئۆکرانیادا گفتوگۆ بکات. بەڵام یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە وتی ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردۆتەوە کە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوە بە ڕووسیا.

نەبیلە ماسرالی وتەبێژی بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ وتی یەکێتییەکە " بەڵگەی خۆی کۆکردۆتەوە " و " وەڵامێکی خێرا و ڕوون و توندی یەکێتی ئەوروپا " ئامادە دەکات.

لە لیستی سزاکاندا کە دەست دەزگای هەواڵی فرانس پرێس کەوتووە، یەکێتییەکە بە نیازە سزا بەسەر سێ بەرپرسی سەربازیی باڵای ئێراندا بسەپێنێت، یەکێک لەو بەرپرسانەش سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارییەکانی ئێران محەمەد حوسەین باقرییە.

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە سزاکان پەسەند بکرێن، ئەوەش پێش کۆبوونەوەکەی یەکێتی ئەوروپا لە بڕۆکسل، سزاکان پیشەسازییەکانی کۆمپانیای دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدیش دەگرێتەوە، کۆمپانیاکەش پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە.

ڕۆژی چوارشەممە سوپای ئۆکرانیا گوتی لە کەمتر لە مانگێکدا زیاتر لە 220 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان خستۆتە خوارەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر کیێڤ بووە هۆی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی.

ئەمەریکا دەڵێت ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوێبیستی شارەزایەک دەبێت لەسەر گواستنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڤیدانت پاتێڵ لە واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ئەوەی بینیومانە بەڵگەی بەرفراوانن لەسەر ئەوەی ڕووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە هێرشە دڕندانە و بە مەبەستەکانیدا دژی خەڵکی ئۆکرانیا بەکارهێناوە."

گوتیشی " ئەم نیگەرانییە جددییانەی کە هەن سەبارەت بە وەرگرتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن ڕووسیاوە دەگەیەنین، ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارنامەی 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە."

بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، قەدەغە کراوە لەسەر ئێران چەکەکانی بە دەرەوە بفرۆشێت، بەڵام ماوەی قەدەغە کردنەکە لە ساڵی 2020 دا بەسەرچوو، سەرەڕای هەوڵەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کە لە ساڵی 2018 دا لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG