یەکێتی ئەوروپا سەرکۆنەی ڕێککەوتنێکی نێوان ڕووسیا و بێلاڕووسی کرد بۆ ڕێگەدان بە ڕەوانەکردنی کڵاوەی چەکی ئەتۆمی ڕووسی بۆ بێلاڕووس.
جۆزێپ بۆڕێڵ بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا وتی "ئەمە هەنگاوێکە کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنێکی توندی مەترسیدار."
ڕۆژی پێنجشەممە ڕووسیا دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ گواستنەوەی چەکی ئەتۆمی تەکتیکی بۆ بێلاڕووس، ڕابەری بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆش وتی پێشتر دەستکراوە بە گواستنەوەی چەکەکان. پلانەکە لە مانگی سێدا لەلایەن سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنەوە ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ لە مینسکی پایتەختی بێلاڕووس وتی چەند نوسراوێکی واژۆ کردووە لەسەر پڕۆسەی دانانی ئەو جۆرە چەکانە لە بێلاڕووس.
بۆڕێڵ وتی بڕیارەکە پێچەوانەی چەندین ڕێککەوتنی نێودەوڵەتییە.
وتی " داوا لە ڕووسیا دەکەین پابەندی ئەم بەرپرسیارێتییانە بێت."
وتیشی " ڕژێمی بێلاڕووس هاوبەشە لە جەنگە نایاسایی و بێ هۆکارەکەی ڕووسیادا دژی ئۆکرانیا. داوا لە بەرپرسانی بێلاڕووس دەکەین دەستبەجێ کۆتایی بهێنن بە پشتیوانییەکانیان لە دوژمنکارییەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، ئەو بڕیارانەش هەڵبوەشێننەوە کە تەنها دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا و سەروەری بێلاڕووس دەخەنە مەترسییەوە."
ئاماژەشی بەوەدا "هەر هەوڵێک بۆ زیادکردنی گرژییەکان ڕووبەڕووی وەڵامدانەوەیەکی بەهێز و بە هەماهەنگ دەبێتەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز