Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری قەدەغەکردنی نەوتی ڕووسیا دەکات تاوەکو پوتن " باجێکی گەورە " بدات


سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لین
سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لین

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری قۆناغ بە قۆناغی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیای کرد، هەروەها سەپاندنی سزا بەسەر بانکە گەورەکان و بەرپرسانی باڵای سەربازیی ڕووسیادا.

پلانەکە دەبێت لەلایەن وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە پەسەند بکرێت، هەرچەندە لەوانەیە زیان بە یەکێتییەکە خۆشی بگەیەنێت چونکە پشتی بە نەوتی ڕووسیا بەستووە.

بەڵام داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و نوێبوونەوەی هێرشەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و وێنەی کوشتارییەکان لە شارۆچکەکانی ئۆکرانیا بوونەتە هۆی زاڵبوون بەسەر سەپاندنی سزایەک بەسەر ڕووسیادا کە زیان بە یەکێتی ئەوروپاش دەگەیەنێت.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا وتی مۆسکۆ دەبێت ڕووبەڕووی دەرەنجامەکان ببێتەوە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لین بە پەرلەمانی ئەوروپای وت " پوتن دەبێت باجەکەی بدات، دەبێت باجێکی گەورە بدات لەسەر دوژمنکارییە دڕندانەکەی."

وتیشی " ئەمڕۆ پێشنیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا دەکەین لە سەرانسەری ئەوروپا."

ڕێوشوێنەکانی کۆمسیۆن بریتین لە قەدەغەکردنی نەوتی خاوی ڕووسی لە ماوەی شەش مانگدا و قەدەغەکردنی بەرهەمە پاڵێوراوەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022. ڤۆن دێر لین بەڵێنیدا کاریگەریی قەدەغەکردنەکە لەسەر ئابوورییەکانی ئەوروپا کەم بکاتەوە.

ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەوا یەکێتیەکە دەچێتە پاڵ ئەمەریکا و بەڕیتانیا کە پێشتر هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیایان قەدەغە کردووە، گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ڕووسیا هەناردەکردنی نەوت و گازە کە زیاتر لە نیوەی نەوتە خاوەکەی و بەرهەمە پیتڕۆڵیۆمەکانی بە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەفرۆشێت.

ڤۆن دێر لین وتی " ڕووبەڕووی پشت بەستنمان دەبینەوە بە نەوتی ڕووسیاوە. لە ڕاستیدا ئاسان نابێت چونکە هەندێک لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو پشتیان بە نەوتی ڕووسیا بەستووە، بەڵام هەر دەبێت قەدەغەی بکەین."

پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا باڵیۆزەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە تاوتوێی پێشنیارەکان بکەن و ڕێگە بدەن بەزوویی ببنە یاسا.

جگە لە نەوتیش، پێشنیار کراوە سزا بەسەر بانکە گەورەکانی ڕووسیاشدا بسەپێندرێن، لەوانەش سبێر بانک، پێشتریش سزا بەسەر کۆمەڵێک بانکی ڕووسیدا سەپێندراوە و لە سیستمی سویفتی بانکیی دەرکراون.

ڤۆن دێر لین وتی " سبیر بانک و دوو بانکی دیکەی گەورە لە سیستمی سویفت دەردەکەین، کە تاوەکو ئێستا گەورەترین بانکی ڕووسییە. ئەو بانکانە دەکەینە ئامانج کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو گرنگن بۆ سیستمی دارایی ڕووسی و توانای پوتن بۆ هەڵگیرسانی کاولکاری."

وتی " ئەمە بەتەواوەتی کەرتی دارایی ڕووسیا لە سیستمی دارایی جیهان دادەبڕێت."

وتیشی بەرپرسی سەربازیی باڵای زیاتری ڕووسیا ڕووبەڕووی سزاکانی وەکو سڕکردنی سەرمایەکانیان و قەدەغەکردنی گەشت دەبنەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی ناوەکانیان ئاشکرا بکات. وتی " دەربازتان نابێت لەمە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG