Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا دەکات


یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری سەپاندنی کۆمەڵێک سزای توندی کرد بەسەر ڕووسیادا، لەوانەش قەدەغەکردنی هەناردەی خەڵوز و ڕاگرتنی بازرگانییەکانی نێوان ڕووسیا و یەکێتیەکە کە ساڵانە بڕەکەی دەگاتە 20 ملیار یۆرۆ، ئەوەش وەکو تۆڵەیەک لە تاوانەکانی جەنگ لە ئۆکرانیادا.

سزاکان دەکرێت لەم هەفتەیەدا بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

قەدەغەکردنی هاوردەکردن لە ڕووسیاوە :

کۆمسیۆنی ئەوروپا وتی ئەو سزایانەی پێشنیارکراون بریتین لە قەدەغەکردنی هاوردەی خەڵوز و دار و چیمەنتۆ و خواردنەوەکان و خواردنی دەریایی لە ڕووسیاوە بۆ یەکێتییەکە کە ساڵانە بڕەکەی دەگاتە 9.5 ملیار یۆرۆ. سەرچاوەیەک وتی قەدەغەکردنەکان کاڤیار و ڤۆدکا و لاستیک و ماددە کیمیاییەکانیش دەگرێتەوە.

کۆمسیۆنی ئەوروپا وتی ساڵانە بازرگانی خەڵوز بە تەنها دەگاتە 4 ملیار یۆرۆ. ساڵی ڕابردوو یەکێتی ئەوروپا بە بەهای 100 ملیار یۆرۆ گاز و نەوتی لە ڕووسیا کڕیوە. وتیشی کاردەکات بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیاش.

قەدەغەکردنی هەناردەکردن لە ئەوروپاوە بۆ ڕووسیا:

بڕۆکسل پێشنیاری ئەوەی کردووە هەناردەکردنەکان بۆ ڕووسیا کە ساڵانە بەهاکەی دەگاتە 10 ملیار یۆرۆ قەدەغە بکرێن، لەوانەش قەدەغەکردنی هەناردەکردنی نیمچە گەیەنەری پێشکەوتوو و کۆمپیوتەری کوانتم و کەلوپەلە ئەلیکترۆنی و گواستنەوەکانی دیکە. بەپێی سەرچاوەیەک، هەناردەکردنی تەکنەلۆجیای گازی سروشتی شلکراوەش بۆ ڕووسیا قەدەغە دەکرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە کەشتی و بارهەڵگرەکانی ڕووسیا ڕێگەیان پێنادرێت بێنە ناو یەکێتی ئەوروپاوە، ئەمەش بازرگانیەکان زیاتر پەکدەخات. بەرهەمەکانی وزە و خۆراک و دەرمانەکان سزاکان نایانگرێتەوە، بۆ نموونە: بارەکانی گازی سروشتی شلکراوە لە ڕووسیاوە بۆ یەکێتی ئەوروپا بەردەوام دەبێت و سزاکان نایانگرێتەوە.

بەرپرسان دەڵێن جێبەجێکردنی سزاکان پێدەچێت ئاڵۆز بێت، چونکە هەمیشە ئاسان نابێت بزانیت سەرچاوەی کەشتییە بارهەڵگرەکە کوێیە.

سزا نوێییەکان گواستنەوەی کەلوپەلەکان لەڕێی وشکانی و ئاوەوە ڕادەگرێت. پێشتریش یەکێتی ئەوروپا گواستنەوەکانی لەڕێی ئاسمانەوە لەگەڵ ڕووسیادا قەدەغەکردووە.

کۆمسیۆنی ئەوروپا ئاماژەشی بەوەدا پێشنیاری قەدەغەکردنی مامەڵەکانی کردووە لەگەڵ بانکی ڤی تی بی و سێ بانکی دیکەی ڕووسیادا کە پێشتر لە سیستمی سویفتی بانکی دەرکراون.

بەپێی سەرچاوەیەکی یەکێتی ئەوروپا، 36 کەس و دەسەڵاتداری دەوڵەمەند و سیاسەتمەداری ڕووسی زیاد دەکرێنە لیستی سزاکانی یەکێتیەکەوە. تاوەکو ئێستا سزا بەسەر سەدان سیاسی و دەسەڵاتداری دەوڵەمەندی ڕووسیدا سەپێندراوە، لەگەڵ ئەمەشدا ڕابەرانی جیاخوازەکانی ئۆکرانیاش سزا دەدرێن.

کۆمسیۆنی ئەوروپا وتی پێشنیاری ئەوەشی کردووە بەشداربوونی کۆمپانیا ڕووسیەکان لە مامەڵەکانی یەکێتی ئەوروپادا قەدەغە بکرێت، هەروەها سەرجەم پشتیوانییە داراییەکان بۆ ڕێکخراوە گشتییەکانی ڕووسیا ڕابگیرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG