Accessibility links

دیبلۆماتکاران دەڵێن یەکێتی ئەوروپا نزیکە لە ڕێکەوتنێک بۆ سەپاندنی کۆمەڵێک سزای دیکە بەسەر بێلاڕوسدا


سێ دیبلۆماتکاری یەکێتی ئەوروپا وتیان یەکێتی ئەوروپا نزیکە لە سەپاندنی سزای دیکەوە بۆ سەر بێلاڕوس، سزاکان نزیکەی 30 کەس و لایەنی بێلاڕوس دەگرێتەوە، لەوانەش وەزیری دەرەوە و کۆمپانیای فڕۆکەوانی بیلاڤیای بێلاڕوس.

یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆ ئالیکساندەر لوکاشینکۆی سەرۆکی بێلاڕوس تۆمەتبار دەکەن بەوەی کۆچبەران وەکو چەکێک بەکاردەهێنێت بۆ فشار کردنە سەر ڕۆژئاوا، ئەوەش لەڕێی ڕەوانەکردنی هاوڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ مینسکی پایتەخت و دواتریش بۆ سنوورەکانی وڵاتەکە لەگەڵ پۆڵەندا و وڵاتانی بەڵتیکدا.

وابڕیارە سزاکانی دیکە بسەپێندرێن بەسەر ئەو بەرپرسانەی بێلاڕوسدا کە گەیشتنی کۆچبەرانیان ڕێکخستووە و ئامانج لەم کارەیان تۆڵەسەندنەوە بووە لە سزاکانی ئەوروپا بۆ سەر بێلاڕوس کە بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە سەپێندراون.

وابڕیارە ڕۆژی چوارشەممە باڵیۆزەکانی 27 وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا بە فەڕمی ڕێبکەون لەسەر ئەوەی زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران لەسەر سنووری بێلاڕوس لەگەڵ پۆڵەندادا دەگاتە ئاستی " جەنگی دووڕەگی " و دەکرێت بەپێی ئەوە سزاکان بسەپێندرێن.

لەلای خۆیەوە بێلاڕوس سەرجەم تۆمەتەکانی ڕۆژئاوا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت هیچ کارێکی هەڵەی نەکردووە. تاوەکو ئێستا سزاکانی سەر بەرپرسانی بێلاڕوس کاریگەرییان نەبووە لەسەر لاوازکردنی دەسەڵاتی لوکاشینکۆ، کە لە ساڵی 1994 ەوە لەسەر دەسەڵاتە و هاوپەیمانی نزیکی ڕوسیایە.

وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە هەمان شێوە بیر لە فراوانترکردنی ئەو سزا ئابوورییانە دەکەنەوە کە لە مانگی حەوتدا سەپاندوونی بەسەر کەرتە ئابوورییەکانی بێلاڕوسدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG