Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا داوای لێکۆڵینەوە دەکات لە بارەی تاوانی جەنگ لە هەرێمی ناگۆرنۆ- قەرەباغ


یەکێتی ئەوروپا سەرزەنشتی دەستێوەردانی هێزی بیانی لە شەڕی هەرێمی ناگۆرنۆ- قەرەباغ کرد و داوایکرد لێکۆڵینەوە بکرێت سەبارەت بەو ڕاپـۆرتانەی باس لەوە دەکەن تاوانی جەنگ لەو شەڕەدا ئەنجامدرابوون.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە برۆکسل تاووتوێی ئاگربەستی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانیان کرد، ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بە نێوبژیوانی ڕووسیا پـێی گەیشتن.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە دۆخەکەی بە کارەسات بۆ ئەرمەنەکان ناودێرکردووە و گوتویەتی پـشتیوانی لەشکری تورکیا و چەکدارانی بیانی لە ئازەربایجان کاریگەری زۆری لە شەڕەکەدا هەبووە. گوتوشیەتی لە 1 و 2 ی مانگی دوازدە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا تاووتوێی ڕۆڵی تورکیا لە ناتۆدا دەکەن.

وەزیرەکان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا سەرزەنشتی بەکارهێنانی چەکی هێشوویی و تەقەمەنی سووتێنەریان لە شەڕەکەدا کرد و داوایانکرد لێکۆڵینەوە بکرێن سەبارەت بەو تاوانی شەڕانەی دەڵێن ئەنجامدراون. هەروەها داوایانکرد شوێنەوارە مێژویی و ئاینیـیەکان ناگۆرنۆ- قەرەباغ و دەوروبەری بە پارێزراوی بهێڵرێنەوە.

جۆزێب بۆرێل وەزیری کاروباری دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا ئەویش لای خۆیەوە گوتویەتی یەکێتی ئەوروپا داوادەکات هەموو چەکدارانی بیانی بە پەلە و بە تەواوی لە ناوچەکەدا بکشێنەوە و هەروەها داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد هیچ جموجۆڵێک نەکەن کە شیانی هەبێت کاریگەری لەسەر ئاگربەستەکەدا هەبێت.

XS
SM
MD
LG