Accessibility links

ئیسپانیا: یەکێتی ئەوروپا تا کۆتایی ئەم ساڵ ڕێککەوتنێکی دەوێت لەسەر سیاسەتی کۆچ


سەرۆک وەزیری ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز
سەرۆک وەزیری ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز

سەرۆک وەزیری ئیسپانیا دەڵێت یەکێتی ئەوروپا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 ڕێککەوتنێکی دەوێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەزاران کۆچبەرەدا کە بەرەو ئەوروپا دێن، ئەمەش سەرەڕای دژایەتیکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن پۆڵەندا و هەنگاریاوە.

بەرپرسانی ئەوروپا هیوادارن یەکێتیەکە بگات بە ڕێککەوتنێک بۆ دابەشکردنی کۆچبەران بەسەر سەرجەم 27 وڵاتەکەی ئەندام لە یەکێتییەکەدا، ئەمەش لە کاتێکدا کە ئیسپانیا و ئیتاڵیا و یۆنان دەڵێن بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە وەکو خاڵی سەرەکی گەیشتنی کۆچبەران داندراون.

حکومەتە نەتەوە پەرستەکانی وەکو هەنگاریا و پۆڵەندا بە تایبەتی دژایەتی دووبارە دابەشکردنی کۆچبەرانییان کردووە بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا.

سەرۆک وەزیری ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئورسولا ڤۆن دێر لیندا وتی " هیوادارم بتوانین لەم خولەدا ئەم کێشە گەورەیە یەکلایی بکەینەوە."

وتیشی " ئەمە بۆ ئیسپانیا زۆر گرنگ دەبێت تەنانەت لە ڕووی سیاسیشەوە سیمبولی دەبێت... دوای چەندین ساڵ لە قەیرانی کۆچ." جەجتیشی لە پێویستییەکان کردەوە بۆ " هەماهەنگی و هاریکاری."

هەنگاریا و پۆڵەندا دەڵێن پلانی دابەشکردنی کۆچبەران بەسەر سەرجەم وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا دەبێت لە نێو وڵاتەکان خۆیاندا ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، نەک ئەوەی بە زۆرینە پەسەند بکرێت و بسەپێندرێت.

سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی یەکێتی ئەوروپادا وتی " ئێمە چەندین جار پێشتر ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی کە کێشەی کۆچ بە قووڵی دابەشمان دەکات، ئەوەی کە ناتوانین بەبێ ئەوەی هەمووان ڕازی ببن بڕیارەکە پەسەند بکەین."

بەڵام لە مانگی شەشدا وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بڕیاردان لەسەر سیاسەتی کۆچ دەبێت بە زۆرینەی دەنگ بێت، لە کۆی 27 ئەندامەکە 15 ئەندام دەنگی لەسەر بدات ئەوا بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند دەکرێت، یاخود لانیکەم لە سەدا 65 ی دانیشتوانی یەکێتییەکە.

ڤۆن دێر لین وتی " لەسەر بابەتی کۆچ، یەکەمین بەشە گرنگەکان بڕیارییان لەسەر دراوە، ئەوەی کە پەیماننامەکە لێمانی دەوێت، بڕیارەکە بەپێی زۆرینەی دەنگ دەبێت."

وتیشئی " پەیماننامەکە بەو شێوەیە دەڵێت و ئێمەش ئەوەمان کردووە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG