Accessibility links

سێ ڕابەری یەکێتی ئەوروپا سەردانی کیێڤ دەکەن


سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆڤسکی
سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆڤسکی

سەرۆک وەزیرانی سێ وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا سەردانی کیێڤ دەکەن، ئەمەش یەکەمین سەردانی ڕابەرانی بیانییە بۆ ئۆکرانیا لە دوای ئەوەی ڕووسیا داگیرکارییەکەی لەو وڵاتە دەستپێکرد.

سەرۆک وەزیری چیک پیتر فیالا و سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆڤسکی سەردانەکەیان ڕاگەیاند و وتیان پێکەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیری سلۆڤینیا جانێز جانسادا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆدەبنەوە. ئۆفیسەکەی زێلێنسکیش هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.

فیالا وتی " مەبەست لە سەردانەکە پشتڕاستکردنەوەی پشتیوانی جێگیریی تەواوی یەکێتی ئەوروپایە بۆ سەروەری خاک و سەربەخۆیی ئۆکرانیا." وتیشی سێ ڕابەرەکە کۆمەڵێک پشتیوانی بەرفراوان پێشکەشی ئۆکرانیا دەکەن.

مایکڵ دووارزاکی یاریدەدەری سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆڤسکی بە ڕۆژنامەنووسانی وت شاندەکە لە سنووری نێوان پۆڵەندا و ئۆکرانیا پەڕیونەتەوە و بە شەمەندەفەر بەرەو کیێڤ دەڕۆن، مۆرۆڤسکی ئەم سەردانەشی بە ئەرکێکی مێژوویی ناودێر کرد.

مۆرۆڤسکی وتی " ئەوە ئەرکی ئێمەیە لەو شوێنەدا بین کە مێژوو دروست دەبێت، چونکە ئەمە سەبارەت بە ئێمە نیە بەڵکو سەبارەت بە داهاتووی منداڵەکانمانە کە شایستەی ئەوەن لە جیهانێکدا بژین کە چەوساندنەوەی تیادا نەبێت."

سێ ڕابەرەکە دەگەنە کیێڤ لەکاتێکدا شارەکە هێشتا لەژێر بۆردومانەکانی ڕووسیادایە و نزیکەی نیوەی 3.4 ملیۆن دانیشتووەکەی شارەکەیان جێهێشتووە و زۆرێکیشیان وێستگەکانی ژێرزەوییان کردووە بە پەناگەی خۆیان و شەوان تیایاندا دەمێننەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە دوو تەقینەوەی بەهێز کیێڤی هەژاند، تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا وتیان دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کاتێک بینایەکی نیشتەجێبوون کراوەتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG