Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا داوای پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکات لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا


نوێنەرانی دیپلۆماسی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بە بڕیاری ئەم دواییەی دادگای پێداچوونەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ جێگیرکردنی بڕیاری زیندانیکردنی 5 ڕۆژنامەوان و چالاکوان.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی دیپلۆماتانی یەکێتی ئەوروپادا نوسراوە "ئازادی ڕا دەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن، هەروەهاش مافی دادگاییکردنێکی ڕەوا، بەشێکی سەرەکین لە کۆمەڵگە دیموکراسییەکاندا و ڕەخساندنیشە بۆ ڕوونی و ئاشکرایی و بەرپرسیارێتی لە دامەزراوەکاندا و هەروەهاش بۆ فەرمانڕەوایەتییەکی باش."

یەکێتی ئەوروپا دەڵێت "ئەم بڕیارە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ڕووبەری دەنگە ناڕەزاکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا و هەروەهاش لەسەر توانایی کارمەندانی میدیا تا بەبێ ترس لە تۆڵەکردنەوە یان لە کۆتوبەندکردنێکی سەرکوتکارانە ڕوماڵەکانی خۆیان بکەن."

نوێنەران و دیپلۆماتانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق ئاماژەشیان بە نیگەرانیەکانی خۆشیان کردووە لەسەر ئەو ئاماژانەی لە بڕیارەکەدا دراون سەبارەت بە پەیوەندیکردنی گوناهبارکراوان بە باڵیۆزخانە بیانییەکانەوە، لەوانە کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر. نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا دەڵێن "پەیوەندیکردنی بەردەوام و ڕێکخراو لەگەڵ کۆمەڵگەی سیڤیلدا بەشێکی دانەبڕاوە لە کاری نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە سەرانسەری جیهاندا."

نوێنەرایەتی و دیپلۆماتانی یەکێتی ئەوروپا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەن، تا بە تەواوەتی هەموو وابەستەییەکانی خۆی بە مافەکانی مرۆڤەوە جێبەجێبکات، لەوانە مافی دادگایی کردنێکی ڕەوا و ڕەخساندنی پێداویستی بۆ پرۆسە یاساییەکان و هەروەهاش متمانەدان بۆ ڕەخساندنی دڵنیابوون لە هەبوونی ئازادییەکانی ڕا دەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندنیش.

XS
SM
MD
LG