یەکێتی ئەوروپا سەرکۆنەی هێرشە موشەکیەکانی فەڵەستینیەکانی کرد بۆ سەر ئیسڕائیل و داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگەگرتن لە کوژرانی زیاتری هاوڵاتیانی مەدەنی.
فەڵەستینیەکان ژمارەیەکی زۆر موشەکیان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد و لە وەڵامیشدا سوپای ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەرتی غەزە، ئەوەش لەنێوەندی زیادبوونی شەڕ و پێکدادانەکاندا لە شاری ئۆرشەلیم.
کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەڵدانی موشەک لە غەزەوە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئیسڕائیل جێی قبوڵکردن نیە و هۆکارێک دەبێت بۆ زیادبوونی شەڕ و گرژییەکان."
وتیشی " شەڕ و پێکدادانەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات و غەزە و دەوروبەری دەبێت بەزووترین کات ڕابگیرێت."
ڕۆژی دووشەممە بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ سەرکۆنەی دەرکردنی خێزانە فەڵەستینیەکانی کرد لە ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات و وتی ئەوە کارێکی نایاساییە و هۆکارێک دەبێت بۆ زیادبوونی گرژییەکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز