Accessibility links

ئێران و یەکێتی ئەوروپا: گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەستپێدەکەنەوە


وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 بەمزووانە دەست پێدەکەنەوە. ئەمەش لەنێوەندی هەوڵەکانی بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا بۆ شکاندنی چەق بەستوویی گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان وتی " ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا. ئەوەی گرنگە بۆ ئێران ئەوەیە بەتەواوەتی سوودە ئابوورییەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 وەربگرین." وتیشی لەگەڵ بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێلدا " کۆبوونەوەیەکی درێژخایەن بەڵام ئەرێنییان " ئەنجامداوە.

لەلای خۆیەوە جۆزێپ بۆڕێڵ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران وتی " پێشبینی دەکەین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە و چەق بەستووییەکە نەمێنێت. سێ مانگە گفتوگۆکان ڕاگیراون و پێویستە کارەکان خێرا بکەین. من زۆر دڵخۆشم بە بڕیارەکانی تاران و واشنتن."

وتیشی " ڕێکەوتووین لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لەلایەن تیمەکەوە کارئاسانی بۆ کراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە دیارەکان."

وتیشی " چەند ڕۆژی داهاتوو واتا چەند ڕۆژی داهاتوو، مەبەستم ئەوەیە بەخێرایی و دەستبەجێ دەبێت."

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزا ئابوورییەکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. لەلای خۆشییەوە ئێران کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا پشتگوێ خست. ڕێکەوتنە ناوەکییەکە چالاکییەکانی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانی سنووردار دەکرد و لەبەرامبەریشدا سزا نێودەوڵەتیەکانی سەر ئێران لادەبران.

وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوە دەترسن ئێران نزیک بووبێتەوە لە دەستکەوتنی توانایەک بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، بەڵام ئێران دەڵێت بەرنامە ناوەکییەکەی تەنها بۆ هۆکاری ئاشتییانەیە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران عەلی شەمخانی بە بۆڕێلی وت ئێران زیاتر پەرە بە بەرنامە ناوەکییەکەی دەدات ئەگەر ڕۆژئاوا " هەڵسوکەوتە نایاساییەکانیان " نەگۆڕێت.

شەمخانی وتی " کردەوە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران لە کەرتی ناوەکیدا یاسایین و وەڵامێکی ماقولن و بۆ تاکلایەنەیی ئەمەریکا و بێ کرداریی یەکێتی ئەوروپا و تاوەکو کارە نایاساییەکانی ڕۆژئاوا نەگۆڕدرێن بەردەوام دەبین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG