Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر دوو وەزیری ئێراندا دەسەپێنێت


ڕۆژی دووشەممە وەکو وەڵامێکی دیکە بۆ سەرکوتکارییەکانی ئێران دژی خۆپیشاندەران، یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر وەزیری خوێندن و وەزیری کلتوری ئێراندا سەپاند، ئەمەش پێنجەمین جارە یەکێتییەکە سزا بەسەر تاراندا دەسەپێنێت بەهۆی سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دژی خۆپیشاندەران.

سزاکان سەرمایەی وەزیرەکان لە یەکێتییەکە سڕ دەکات و گەشت کردنیان بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا قەدەغە دەکات.

بەپێی گۆڤاری فەڕمی یەکێتی ئەوروپا، سزا نوێییەکان 32 کەس و دوو لایەنی گرتۆتەوە، زیاتریش یاسادانەران و بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی زیندانەکان کراونەتە ئامانج کە بە تۆمەتی سەرکوتکاری تۆمەتبار کراون.

ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی لە مانگی نۆدا ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا، خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا سەریهەڵدا و بۆ ماوەی چەند مانگێک ئێرانی هەژاند.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئێران لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا لانیکەم 14,000 کەسی دەستگیرکردووە.

بەرپرسانی ئێران چوار کەسییان بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا لە سێدارەدا و سزای مەرگییان بەسەر 18 کەسدا سەپاند.

نوێترین سزاکانی ئێران وەزیری کلتور و ڕێنمایی ئیسلامی ئێران موحەمەد مەهدی ئیسماعیلی کردۆتە ئامانج، ئەوەش بەهۆی سزادانی هونەرمەندان و فیلمسازانەوە کە پشتیوانییان لە حکومەتی ئێران نەکردووە.

وەزیری خوێندنی ئێران یوسف نوری بە هەمان شێوە خرایە لیستی ڕەشەوە، ئەوەش بە تۆمەتی دەستگیرکردنی ئەو قوتابییانەی کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە.

دادوەران و بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی زیندانەکانیش سزا نوێییەکانی یەکێتی ئەوروپا دەیانگرێتەوە، بە هەمان شێوە بەهۆی تێوەگلانیانەوە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا.

یەکێتی ئەوروپا پێشتر بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوە سزای بەسەر زیاتر لە 70 بەرپرس و لایەنی ئێرانیدا سەپاندووە، لەوانەش پۆلیسی ئاکار و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و دەزگای ڕاگەیاندنی وڵاتەکە.

بەڵام یەکێتییەکە تاوەکو ئێستا سوپای پاسدارانی ئێرانی وەکو گروپێکی تیرۆر نەناساندووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەڵمانیا و هۆڵەندا داوایان کردووە سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێندرێت.

نوێترین سزاکانیش لە کاتێکدایە کە هەزاران خۆپیشاندەری دژ بە حکومەتی ئێران لەسەر شەقامەکەی بەردەم بارەگای یەکێتی ئەوروپادا لە بڕۆکسل ناڕەزاییان دەربڕی، لەو کاتەدا کە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتییەکە کۆبوونەوە.

هاوکات یەکێتی ئەوروپا بڕیارە سزاکانی سەر کۆمپانیاکانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی زیاتر بکات کە یارمەتی ڕووسیا دەدەن لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکرانیا.

یەکێتی ئەوروپا هێرشی توندی کردە سەر ئێران لەسەر دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ گوتی " یەکێتی ئەوروپا بە توندی ڕەفتارەکانی ئێران لە دەستگیرکردنی زۆرەملێی هاوڵاتییانی یەکێتی ئەوروپا و ئەو هاوڵاتییانەی کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە ڕەت دەکاتەوە."

گوتیشی " یەکێتی ئەوروپا داوا لە ئێران دەکات ئەم ڕەفتارە بێزارکەرانەی دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی بیانی ڕابگرێت."

جێی ئاماژەیە نزیکەی 24 هاوڵاتی بیانی و ئەو هاوڵاتییانەی دوو ڕەگەزنامەیان هەیە لە ئێران دەستبەسەرکراون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG