Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا ئابرامۆڤیچ دەخاتە لیستی ڕەشەوە و سزا بەسەر کەرتی وزەی ڕووسیادا دەسەپێنێت


ڕۆمان ئابرامۆڤیچ
ڕۆمان ئابرامۆڤیچ

ڕۆژی سێشەممە یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی کۆمەڵێک سزای دیکەی بەسەر ڕووسیادا ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا، سزاکانیش بریتین لە وەبەرهێنانەکانی کەرتی وزەی ڕووسیا و قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کەلوپەلە گرانبەهاکان بۆ مۆسکۆ و قەدەغەکردنی هەناردەی بەرهەمەکانی پۆڵا لە ڕووسیاوە.

سزاکان سەرمایەی کۆمەڵێک خاوەن کاری دیکە سڕدەکەن کە پشتیوانی لە دەوڵەتی ڕووسیا دەکەن، لەنێویشیاندا خاوەنی یانەی تۆپی پێی چێڵشی ڕۆمان ئابرامۆڤیچ و سەرۆکی کەناڵی تەلەفیزیۆنی وەن کۆنستانتین ئێرنستی ڕووسی، ئەمانیش خرانە لیستی ڕەشی یەکێتی ئەوروپاوە کە پێشتر کۆمەڵێک دەوڵەمەندی ڕووسی خراونەتە لیستەکەوە.

ئەمە چوارەمین جارە یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا پەسەند دەکات، پێشتر سەرمایەی بانکی ناوەندی ڕووسیای سڕکردووە و هەندێک لە بانکەکانی ڕووسیا و بێلاڕووسی لە سیستمی بانکیی سویفت دەرکردووە، هاوکات سەرمایەی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەند و سیاسەتمەدارە ڕووسییەکانی سڕکردووە، لەنێویشیاندا سەرمایەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ.

کۆمسیۆنی ئەوروپا وتی سزا نوێییەکان " بەشێوەیەکی بەرفراوان وەبەرهێنانە نوێییەکان لە کەرتی وزەی ڕووسیادا قەدەغە دەکەن."

سزاکان کۆمپانیا سەرەکییەکانی نەوتی ڕووسیا دەکەنە ئامانج، لەوانەش ڕۆسنەفت و ترانسنەفت و گازپڕۆم نەفت. بەڵام وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هێشتا دەتوانن سوتەمەنی لەو کۆمپانیایانە بکڕن.

وەبەرهێنانەکان لە پڕۆژەکانی وزەدا لەناوخۆی ڕووسیادا کە لەلایەن کۆمپانیاکانی دیکەی ڕووسیاوە سەرپەرشتی دەکرێن، قەدەغە دەکرێن. لەوانەش کۆمپانیای گازپڕۆم.

قەدەغەکردنی وەبەرهێنانەکان بەسەر هەموو کەرتی وزەی ڕووسیادا جێبەجێ دەبێت، جگە لە وزەی ناوەکی، چونکە هەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هێشتا پشت بەو تەکنەلۆجیایە دەبەستن کە مۆسکۆ دابینی دەکات.

کۆمپانیاکانی یەکێتی ئەوروپا چیتر ناتوانن کەلوپەلە گرانبەهاکانی ڕووسیا هاوردە بکەن کە نرخەکەیان لە 300 یۆرۆ زیاتر بێت، لەوانەش بەردی گرانبەها و کریستاڵ و کاڤیار و شەراب و جانتای دەست و بەرهەمە چەرمییەکان و پێڵاو و چاکەت. هاوردەکردنی ئەو ئوتومبێلانەی کە نرخەکەیان لە 50,000 یۆرۆ زیاتر بێت قەدەغە دەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG