Accessibility links

وەزیرانی یەکێتی ئەوروپا داوا لە هەنگاریا دەکەن قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا پەسەند بکات


وەزیری دەرەوەی لیتوانیا گابریلیۆس لاندسبێرگیس
وەزیری دەرەوەی لیتوانیا گابریلیۆس لاندسبێرگیس

ڕۆژی دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە ئاشکرا داوایان لە هەنگاریا کرد ڤیتۆکەی دژی پێشنیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا لاببات، لیتوانیاش دەڵێت " یەکێتییەکە لەلایەن یەک وڵاتی ئەندامەوە بە بارمتە گیراوە."

لە سەرەتای مانگی پێنجدا یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیای کرد، ئەمەش ئەگەر پەسەند بکرێت توندترین سزا دەبێت لەو سزایانەی کە تاوەکو ئێستا بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا بەسەر مۆسکۆدا سەپێندراون.

وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی پشتیوانی لە پێشنیارەکە دەکەن، بەڵام هەنگاریا کە نزیکترین هاوپەیمانی ڕووسیایە لە یەکێتی ئەوروپادا، دەڵێت سەدان ملیۆن یۆرۆی لە یەکێتییەکە دەوێت تاوەکو قەرەبووی قەدەغەکردنی نەوتی ڕووسیای بۆ بکاتەوە. بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، دەبێت سەرجەم 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا پەسەندی بکەن.

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا گابریلیۆس لاندسبێرگیس وتی " سەرجەم یەکێتیەکە لەلایەن یەک وڵاتی ئەندامەوە بە بارمتە گیراوە، نابێت بە بارمتە بگیردرێن."

وەزیری دەرەوەی هەنگاریا پیتەر سیارتۆ لە 11 ی مانگی پێنجدا وتی تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی نەبینیوە.

وتی حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان پێویستی بە " سەدان ملیۆن دۆلار " هەیە بۆ پاڵێوگەکانی هەنگاریا و زیادکردنی توانای هێڵی بۆری کڕواتیا و قەرەبووکردنەوەی ئابووری هەنگاریا.

بەڵام وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە نەمساوە بۆ ئیستۆنیا وتیان قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا هەر ڕوودەدات، تەنانەت ئەگەر پەسەندکردنیشی ماوەیەکی زۆر بخایەنێت.

وەزیری دەرەوەی ئیستۆنیا ئێڤا ماریا لیمێتس وتی " ئەم کۆمەڵە سزایە دەسەپێندرێن و قەدەغەکردنی نەوتیشیان تێدا دەبێت." هاوکات وەزیرانی دەرەوەی لۆکسۆمبۆرگ و ڕۆمانیا و ئیسپانیاش پشتیوانییان لە قەدەغەکردنەکە کرد.

هەریەک لە ئەمەریکا و بەڕیتانیا هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیایان قەدەغە کردووە، قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا بە باشترین ڕێگە دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی داهاتی ڕووسیا کە داهاتەکەی لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا بەکاردەهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG