Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری یارمەتیدانی ئۆکرانیا دەکات بە بڕی 1.2 ملیار یۆرۆ


سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین
سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین

سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین دەڵێت یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت بە بڕی 1.2 ملیار یۆرۆ یارمەتی دارایی ئۆکرانیا بدات، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ململانێکان لەگەڵ ڕووسیادا.

ڕۆژی دووشەممە ڤۆن دێر لین لە بڕۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کۆمسیۆن پێشنیاری یارمەتییەکی دارایی بەپەلە دەکات بە بڕی 1.2 ملیار یۆرۆ." ئاماژەشی بەوەدا یارمەتیەکە لەڕێی قەرزی بەپەلە و بەخشینەکانەوە کۆدەکرێتەوە.

ڕووسیا دەیان هەزاران سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە و چاوەڕێی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا دەکات وەڵامی داواکارییە ئەمنییەکانی بدەنەوە. ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواش نیگەرانن سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەوەشیان خستۆتەڕوو ئەگەر ڕووسیا ئەو هێرشە ئەنجام بدات ئەوا ڕووبەڕووی سزایەکی ئابووری گەورە دەبێتەوە.

ڕووسیا دەیەوێت هاوپەیمانێتی ناتۆ لەو بەڵێنەی پاشگەز ببێتەوە کە ئۆکرانیا ڕۆژێک لە ڕۆژان دەتوانێت ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا، هەروەها دەیەوێت ناتۆ هێز و چەکەکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکشێنێتەوە.

ڤۆن دێر لین کە ڕۆژی هەینی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکیدا قسەی کرد، وتی یارمەتیە داراییەکەی یەکێتی ئەوروپا مەبەست لێی " یارمەتیدانی ئۆکرانیایە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو کاریگەرییانەی کە ململانێکانی لەگەڵ ڕووسیادا لەسەر ئابووری وڵاتەکە دروستیکردووە."

ئاماژەشی بەوەدا پشت بە ئەنجومەن و یاسادانەرانی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی یەکێتیەکە دەبەستێت تاوەکو بەزووترین کات یارمەتیە بەپەلەکە پەسەند بکەن.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا داوای لە هاوبەشە نێودەوڵەتیەکانی یەکێتیەکەی کرد هەمان شت بکەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئۆکرانیادا نوێ بکەنەوە، لەوانەش سندوقی پارەی نێودەوڵەتی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG