Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی سزاکان بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە فراوانتر دەکات


دوو دیبلۆماتکار وتیان باڵیۆزەکانی یەکێتی ئەوروپا نوێکردنەوەی سزاکانیان بۆ سەر چوار بەرپرس و لایەنێکی چینی پەسەند کردووە، ئەمەش وەکو بەشێک لە فراوانکردنی سەپاندنی سزاکان بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە.

بڕیارەکە کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بە فەڕمی جێبەجێ دەکرێت، ڕێکەوتنی وەبەرهێنانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و چین دەخاتە مەترسییەوە کە لە مانگی دوانزەی ساڵی 2020 دا واژۆ کرا.

هەفتەی ڕابردوو نوێنەری چین لە یەکێتی ئەوروپا وتی هیچ پەیمان بەستنێک لە ڕێکەوتنەکەدا ڕوونادات تاوەکو یەکێتی ئەوروپا سزاکان لانەبات، کە پەکین پێی وایە ئەوە دەستوەردانی کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیە.

لە مانگی سێدا یەکێتی ئەوروپا چوار بەرپرسە چینیەکەی خستە لیستی سزاکانەوە، کە بەڕێوبەرێکی باڵای ئاسایشیشیان تێدایە، هۆکاری سەپاندنی سزاکانیشی گەڕاندەوە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی شینگیانگی چین. لەلای خۆیەوە چین بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەوروپیەکاندا وەڵامیدایەوە.

بەرپرسانی چین بە تۆمەتی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە موسوڵمانانی ویگۆر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی چین تۆمەتبارکراون، بەڕێوبەری دەزگای ئاسایشی گشتی شینگیانگ چێن مینگۆو یەکێکە لەو بەرپرسانەی چین کە یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەردا سەپاندوون. یەکێتیەکە دەڵێن چێن بەرپرس بووە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی مەترسیدار.

لەلای خۆیەوە چین ڕەتی دەکاتەوە هیچ شتێکی هەڵەی کردبێت. باڵیۆزی چین لە یەکێتی ئەوروپا ژانگ مینگ هەفتەی ڕابردوو وتی دوای حەوت ساڵ و 35 خولی دانوستانەکان، ڕێکەوتنی وەبەرهێنان لەنێوان یەکێتیەکە و چیندا لە مەترسیدایە، ئەوەش بەهۆی " ئەو بەربەستانەوە کە ئەوروپا دروستییان دەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG