Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی پێکهێنانی هێزێکی کاردانەوەی خێرا دەکات


بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ
بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ

وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی پێشنیارەکانیان کرد بۆ پێکهێنانی هێزێکی کاردانەوەی خێرای هاوبەشی ئەوروپی، ئەمەش دوای ئەوەی لەماوەی گواستنەوەی هاوڵاتیاندا لە ئەفغانستان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبینی.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا داواکان بۆ ئەوەی یەکێتیەکە پەرە بە تواناکانی بدات لە خێرا وەڵامدانەوەی قەیرانەکاندا زیادییانکرد، ئەوەش دوای ئەو بێسەروبەرییەی لە فڕۆکەخانەی کابوڵ بیندرا.

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ دوای کۆبوونەوەکە لە سلۆڤینیا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەفغانستان پیشانیداین کەموکورتیەکانمان لەسەر ئاستی سەربەخۆیی ستراتیژیی باجی هەیە و تەنها ڕێگە بۆ بەرەو پێشچوون یەکخستنەوەی هێزەکانمان بەهێزکردنیانە، نەک تەنها لەڕووی تواناوە بەڵکو لەڕووی ئیرادەشمانەوە."

وتیشی " ئەگەر بمانەوێت بتوانین بە تەنها بجوڵێین و پشت بە بژاردەکانی وڵاتانی دیکە نەبەستین، تەنانەت ئەگەر هاوپەیمان و هاوڕێشمان بن، ئەوا دەبێت پەرە بە توانا تایبەتیەکانی خۆمان بدەین."

لەنێو پێشنیارەکاندا، پلانێک هەیە کە سەرەتا لە مانگی پێنجدا باسی لێوەکرا، پلانەکەش ئەوەیە هێزێکی پێنج هەزار سەربازی پێکبهێندرێت وەکو بەشێک لە ستراتیژی گشتی یەکێتی ئەوروپا کە وابڕیارە وەکو نوسراوێک لە مانگی یانزەدا پێشکەش بکرێت.

بەڵام پێشنیارەکە هێشتا پێویستی بەوەیە بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە پشتیوانی لێبکرێت، هەروەها گومانێکی زۆریش هەیە لەسەر بوونی خواستێکی سیاسیی بۆ پێکهێنانی ئەو جۆرە هێزە.

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێل وتی " یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکە دەبێت قورساییەکی زیاتر لە جیهاندا هەڵبگرن، بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و بەهاکانمان، هەروەها بۆ پاراستنی هاوڵاتیانمان."

وتیشی " گواستنەوە بێسەروبەرییەکەی ئەفغانستان ناچاریکردین بەخێرایی بیر لە توانای بەرگری ئەوروپا بکەینەوە."

وەزیری دەرەوەی سلۆڤینیا ماتیچ تۆنین کە میوانداری کۆبوونەوەکەی کرد و بەو پێیەش ڕابەرایەتی کۆبوونەوەکەی کرد وتی هێزی کاردانەوەی خێرا پێدەچێت لە " 5000 بۆ 20000 سەرباز " پێک بێت.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " پێشوازی لە هێزێکی لەوشێوەیە دەکەین، باوەڕمان وایە ئەوروپایەکی بەتواناتر و بەهێزتر بەرژەوەندییەکی هاوبەشە."

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئانگریت کرامپ کارینباوەر وتی ئەو وانەیەی لە ئەفغانستاندا هەبوو ئەوەیە کە دەبێت ئەوروپا بتوانێت " زیاتر سەربەخۆیانە ڕەفتار بکات " تاوەکو ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت.

بەڵام جەختیشی لەوە کردەوە " زۆر گرنگە وەکو بەدیلێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئەمەریکیەکان ڕەفتار نەکەین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG