وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد کە بۆ ماوەی 70 ساڵە هەوڵی بۆ دەدەن ڕێکەوتنەکەش سەبارەت بە پێکەوەلکاندنی بەرگری وڵاتانی ئەندامە لە یەکێتی ئەوروپا و ئەو ڕێکەوتنەش وادەکات خەرجی و پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا هەموو بە هاوبەشی بێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک هەنگاوەکەی بە " هەواڵێکی ناخۆش بۆ دوژمنانمان" ناودێر کرد.
لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا پەرلەمانی فەڕەنسا دژایەتی ئەم هەنگاوەی کرد و پەرلەمانی بەڕیتانیاش لەو هەنگاوە دوورکەوتەوە لە ترسی ئەوەی سوپای ئەوروپی دروست ببێت و ئەوەش بووە هۆی دانانی بەربەست لەبەردەم ئەم خەونەی ئەوروپییەکاندا.
ئامانجی ئەم ڕێکەوتنە ئەوەیە ئەو ناکۆکییانەی هەیە لە سیاسەتی بەرگری نێوان وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا نەهێڵێت و هەموویان یەکبخات و هەروەها ئامانجێکی دیکەی ڕێکەوتنەکە ئەوەیە پشت بەستنی ئەوروپا بە ئەمەریکا لەم بوارەدا کەم بکاتەوە.
تۆسک لە وتارێکدا لەبەردەم سەرکردەکان و سوپاکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکەدا وتی " ئەم خەونە لەگەڵ ڕاستیدا ڕێک نەدەبۆوە. ئەمڕۆ خەونەکە بوو بە ڕاستی. "
ئەو وڵاتانەی ڕێکەوتنەکە نایانگرێتەوە دانیمارک و ماڵتا و بێگومان بەڕیتانیایە دوای ئەوەی بڕیاری هاتنە دەرەوەی داوە لە یەکێتی ئەوروپا.
سیاسەتمەداران دەڵێن ڕێکەوتنەکە کە بە "بیسکۆ" ناسراوە ئامانجەکەی پیشاندانی یەکیەتی و هەنگاوێکی بەرجەستەیە بۆ کامڵ کردنی ئەوروپا بەتایبەتی دوای ئەوەی بەڕیتانیا بڕیاریدا لە یەکێتییەکە بێتە دەرەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز