Accessibility links

کۆمسیۆنی ئەوروپا ژمارەیەک وڵاتی دیکە دەخاتە لیستی ڕەشی سپـیکردنەوەی پارەدا


کۆمسیۆنی ئەوروپا ژمارەیەک ناوچە و وڵاتی دیکەی خستە لیستی ڕەشی ئەو وڵاتانەی وەک پـێویست هەوڵ نادەن ڕێگەبگرن لە سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی پارە بۆ تێرۆرزم.

کۆمسیۆنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگی فەڕەنسا بڕیاری دا هەریەک لە عەرەبستانی سعودیـیە، پەنەما، نەیجیریا، لیبیا، بۆتسوانا، غانا، سەموا، بەهاما و چوار ناوچەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە بریتین لە ئەمەریکەن سەموا، دورگەکانی ڤێرجینی ئەمەریکا، پـۆرتۆ ڕیکۆ، گوام، بخاتە ئەم لیستی ڕەشەوە. بەڵام هەریەک لە بۆسنە و هرسک، گویانا، لاوس، ئوگاندا، ڤانواتوو لە لیستەکە لابران.

وڵاتانی دیکەی نێو لیستەکە بریتین لە عێراق، ئێران، سوریا، تونس، یەمەن، پاکستان، ئەفغانستان، کۆریای باکور، ئەثیوپـیا، سریلانکا، ترینیداد و تۆباگۆ. بەمەش 23 وڵات و ناوچە لەو لیستە ڕەشەدا دەبن. پـێشتر تەنیا 16 وڵاتی تێدابوو.

دانانی ئەو وڵات و ناوچانە لەو لیستە ڕەشدا وەها ناکات سزایان بەسەردا بسەپـێندرێت، بەڵام بانکەکانی ئەوروپا ناچار دەکات ڕێوشوێنی زۆر توند بگرنەبەر لە مامەڵەکردنە دارایی لەگەڵیاندا.

خانم ڤێرا جۆرۆڤا کۆمسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری دادوەری ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی ئەوروپا گوتی لەسەر ئاستی جیهان توندترین مەرجیان داناوە بۆ ڕێگەگرتن لە سپیکردنەوەی پارە. جەختی کردەوە کە دەبێت ڕێگە نەدرێت هەرچ پارەیەک بە شێوەیەکی ناشەرعی پەیداکرابێت لە وڵاتانی دیکەوە بێنە نێو سیستەمی دارایی یەکێتی ئەوروپا.

داواشی لەو وڵات و ناوچانەی نێو لیستەکەدا کرد لە زووترین کاتدا ڕێوشوێنی پـێویست بۆ ئەم مەبەستە بگرنەبەر.

XS
SM
MD
LG