Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا دواخستنی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتیەکە بە کارێکی لۆژیکی دەزانێت


سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی

یەکێتی ئەوروپا ڕازییە لەسەر درێژکردنەوەی کاتی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، لەکاتێکدا پارتی کاری بەڕیتانیا ڕایگەیاند پشتگیری لە گشتپرسییەکی دیکە دەکەن سەبارەت بە جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک جەختی لەوە کردەوە دواخستنی جیابوونەوەی بەڕیتانیا بۆ دوای 29 ی مانگی سێ چارەسەرێکی لۆژیکی دەبێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تۆسک وتی لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی گفتوگۆیان لەسەر ڕووە یاسایی و ڕێوشوێنەکانی پەیوەست بە ئەگەری درێژکردنەوەکەوە کردووە.

وتیشی " پێم وایە بەپێی ئەو بارودۆخەی ئێستا تیایداین، درێژکردنەوەی ماوەکە چارەسەرێکی لۆژیکی دەبێت بەڵام سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی هێشتا پێی وایە دەتوانێت لەو سیناریۆیە خۆی بەدووربگرێت."

جێی ئاماژەیە هەتا ئێستا یەکێتی ئەوروپا هەوڵەکانی تێریزا مەیان ڕەت کردۆتەوە بۆ دووبارە وتوێژکردنەوە لەسەر ڕێکەوتنی جیابوونەوەکە کە لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا لەنێوان لەندەن و یەکێتیەکەدا واژۆ کرا و پەرلەمانی بەڕیتانیا بە کۆی دەنگ ڕەتیان کردەوە.

تۆسک ئاماژەی بەوەدا " ڕوون و ئاشکرایە کە زۆرینەی پەرلەمانی بەڕیتانیا پشتیوانی لەو ڕێکەوتنە ناکەن و لەو کاتەدا تەنها دوو ئەگەر دەمێنێتەوە، جیابوونەوە لە بارودۆخێکی بێسەرووبەرەدا یاخوود درێژکردنەوە."

وتیشی " هەتا نزیکتر ببینەوە لە 29 ی مانگی سێ، ئەگەری درێژکردنەوەکە زیاتر دەبێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG