ڕۆژنامەی دای وێڵتی ئەڵمانی لە زاری بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵەوە بڵاویکردەوە پشتیوانییەکی تەواو لەلایەن وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە نیە بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوت و گازی ڕووسیا.
بۆڕێڵ بە ڕۆژنامەکەت وت " لە ئێستادا هەڵوێستێکی یەکگرتوومان نیە لەسەر ئەو پرسە."
هەناردەکردنی نەوت و گاز سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ڕووسیایە و زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتییەکە داوایان کردووە چیتر وزەی ڕووسیا هاوردە نەکرێت چونکە پارەکەی وەکو پشتیوانییەکی دارایی بەکاردەهێنرێت بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.
هەندێک لە وڵاتانی یەکێتییەکە داوای سەپاندنی کۆمەڵێک سزای دیکە دەکەن بەسەر ڕووسیادا، بڕۆسکلیش تاوتوێی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا دەکات.
بۆڕێڵ وتی بابەتەکە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا یەکێتی ئەوروپادا کە وابڕیارە لە کۆتایی مانگی داهاتوودا بەڕێوەبچێت تاوتوێ دەکرێت، وتیشی پێشبینی هیچ بڕیارێک ناکات پێش ئەو کۆبوونەوەیە.
وتی " کۆتا بڕیار لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوت و گازی ڕووسیا هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت."
بۆڕێڵ وتی سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ دەدەن پشت بەستنیان بە نەوت و گازی ڕووسی کەم بکەنەوە. وتیشی بڕوایان وایە لە کۆتاییدا یەکێتییەکە دەتوانێت ئەو کارە بکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
یەکێتی ئەوروپا: هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی وزەی ڕووسیا
