Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا نەوتی ڕووسیا قەدەغە دەکات و زێلێنسکیش دەڵێت ڕەوشەکەی دۆنباس ' زۆر سەختە '


سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێل ڕایگەیاند ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتن لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا. هاوکات هێزەکانی ڕووسیا و هێزەکانی ئۆکرانیا بەردەوام بوون لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوانیان لە دەوروبەری شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک کە دوایین شارە لە هەرێمی لوهانسک کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیادا مابێتەوە.

میشێل وتی " ئەمە دەستبەجێ زیاتر لە دوو لەسەر سێی هەناردەی نەوتی ڕووسیا بۆ یەکێتییەکە دەگرێتەوە، بەمەش سەرچاوەیەکی زۆر گەورەی داهاتی ڕووسیا کە بۆ جەنگەکەی بەکاریدەهێنێت دەبڕدرێت."

بەڵام هەنگاریا کە کۆسپی خستبووە بەردەم پەسەندکردنی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا، بۆ ماوەیەکی کاتی دەتوانێت لەڕێی بۆریی نەوتی دروژبای ڕووسییەوە نەوتی ڕووسیا هاوردە بکات.


بە ماوەیەکی کورت پێش ڕاگەیاندنەکەی یەکێتی ئەوروپا، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ڕەوشەکە لە هەرێمی دۆنباس هێشتا " زۆر سەختە ".

زێلێنسکی سەرزەنشتی یەکێتی ئەوروپای کرد و وتی زۆر نەرمن لەسەر مۆسکۆ، ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە وادەردەکەوت ڕابەرانی یەکێتییەکە نەتوانن بگەن بە ڕێکەوتنێک لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ئەمەریکا موشەکێک نانێرێت بۆ ئۆکرانیا کە بگاتە ناو خاکی ڕووسیا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیاش دمیتری مێدڤیدیڤ وتی بڕیارەکەی بایدن " بیرمەندانەیە ".

ڕووسیا هەوڵ دەدات سەرانسەری هەرێمی دۆنباس بگرێت کە هەریەک لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لەخۆدەگرێت.

گرتنی شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک و شاری لیسیچانسکی ئەوبەری ڕووباری سیڤێرسکی دۆنێتس دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی تەواوی لوهانسک بکات.

زێلێنسکی وتی ڕەوشی دۆنباس " هێشتا زۆر سەختە " و سوپای ڕووسیا " هەوڵ دەدات هێزێکی باڵادەست کۆبکاتەوە تاوەکو فشاری زیاتر و زیاتر بخاتە سەر بەرگریکارانمان."

وتیشی " ئێستا سوپای ڕووسیا لەوێ زۆرترین هێزی شەڕکردنی کۆکردۆتەوە."

زێلێنسکی وتیشی هێزەکانی ڕووسیا دووبارە بۆردومانی خارکیڤ و هەرێمی سومییان کردۆتەوە، کە لەناوخۆی ڕووسیاوە هێرشیان کراوەتەسەر.

بۆردومانەکانی ڕووسیا بۆ سەر شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک زۆربەی شارەکەی خاپوور کردووە، بەڵام بەرگرییەکانی ئۆکرانیا هەڵمەتە بەرفراوانەکەی ڕووسیایان لە سەرانسەری هەرێمی دۆنباس خاو کردۆتەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای وتی هێزەکانی ڕووسیا پێشڕەوییان بۆ ناو شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک باشووری ڕۆژهەڵات و پەراوێزەکانی باکوووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کردووە، بەڵام هێزەکانی ئۆکرانیا هێزەکانی ڕووسیایان لە گوندی تۆشکیڤکای باشوور دەرکردووە.

وتی " دووبارە هەمان تاکتیکیان بەکارهێنایەوە، بۆ چەند کاتژمێرێک بۆردومان دەکەن، سێ کاتژمێر بۆ چوار کاتژمێر بۆ پێنج کاتژمێر بۆردومان دەکەن و دواتر هێرش دەکەن. ئەوانەی هێرش دەکەن دەمرن. دواتر بۆردومان و هێرشکردن دووبارە دەبێتەوە، ئەمە بەردەوام دەبێت تاوەکو پێشڕەوی دەکەنە شوێنێکەوە."

گایدای وتی کاتێک پلەکانی گەرما بەرز بوونەوە، " بۆنێکی ناخۆشی مەرگ " هەبوو لە قەراغ شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG