ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا بە کۆی دەنگ پشتیوانیان لە ڕێکەوتنی جیابوونەوەی بەڕیتانیا کرد لە یەکێتی ئەوروپا، ئێستا ئەوەی ماوە پەرلەمانی بەڕیتانیایە پەسەندی بکات، سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن دەبێت پەرلەمان ڕازی بکات تاوەکو ڕێکەوتنەکە پەسەند بکەن و بەڕیتانیا لە 31 ی مانگی 10 دا بە فەڕمی جیاببێتەوە.
لە لێدوانێکیدا لەبەردەم ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپادا، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ژان کلود یۆنکەر دڵخۆشی خۆی دەربڕی سەبارەت بە واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە، بەڵام وتیشی بەداخەوەیە دەبینێت بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیا دەبێتەوە.
یۆنکەر وتی " بەشێوەیەکی گشتی من دڵخۆشم کە گەیشتووین بە ڕێکەوتنێک، بەڵام غەمبارم چونکە بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیا دەبێتەوە."
هەریەک لە گەورە کۆمسیاری ئەوروپا میشێل بارنێیر و سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک کە دژایەتی جیابوونەوەکەی دەکرد لێدوانی هاوشێوەی لێدوانەکەی یۆنکەریاندا.
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک بە ڕۆژنامەنووسانی وت " من خۆم بە تایبەتی، ئەوەی ئەمڕۆ هەستی پێدەکەم غەمبارییە چونکە لە قوڵایی دڵمەوە هەمیشە پشتیوانی لە مانەوە دەکەم و هیوادارم ڕۆژێک لە ڕۆژان کاتێک هاوڕێ بەڕیتانییەکانمان بڕیاری گەڕانەوە دەدەن دەرگاکانمان کراوە بن."
دوای چەند ڕۆژێک لە دانوستان و سێ ساڵ لە وتوێژکردن، نوێنەرانی بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.
ڕۆژی شەممە لە پەرلەمانی بەڕیتانیا دەنگدانێک ئەنجام دەدرێت سەبارەت بە ڕێکەوتنەکە، سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن پێویستی بە دەنگی تەواو هەیە بۆ پەسەندکردنی ڕێکەوتنەکە، بەڵام بابەتەکە بۆ ئەو ئاسان و سادە نیە.
پارتێکی دیموکراتی ئێرلەندای باکوور کە جۆنسن پێویستی بە دەنگی ئەوانە تاوەکو ڕێکەوتنەکە پەسەند بکرێت ڕایگەیاند پشتیوانی لە هیچ ڕێکەوتنێک ناکەن چونکە جیابوونەوە لە بەرژەوەندی ئیرلەندای باکووردا نیە.
ڕابەری پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا جێرێمی کۆربین وتی " دڵ خۆش نیە " بە ڕێکەوتنەکە و لە دەنگدانەکەدا ڕەتی دەکاتەوە. پارتی کار وتوویەتی هە ڕێکەوتنێک هەبێت دەبێت ڕای گشتی دەنگی لەسەر بدات.
پێدەچێت جۆنسن سووربێت لەسەر پێدانی یەک بژاردە بە پەرلەمانی بەڕیتانیا ئەویش ئەوەیە یان ئەم ڕێکەوتنەی واژۆی کردووە یان هیچ ڕێکەوتنێک.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز