Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا: ڕەفتارەکانی تاڵیبان تاوەکو ئێستا " هاندەر " نەبوون


بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ دەڵێت ڕەفتارەکانی حکومەتی تاڵیبان تاوەکو ئێستا " هاندەر " نەبوون، هەروەها ڕووخانی ئابووری ئەفغانستان، مەترسی سەرهەڵدانی تیرۆر و هەڕەشەکانی دیکە زیاتر دەکات.

جۆسێپ بۆڕێڵ لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی ئەم لێدوانەیدا، هەروەها هیواشی خواست وتوێژەکان سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان " بەمزووانە " لە ڤییەنا دەستپێبکاتەوە.

دوابەدوای سەردانەکەی بۆ قەتەڕ و ئیماڕات، بۆڕێڵ سەردانی سعودیەی کرد، وتی پوختەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکیەکە بە هاوبەشەکانی وتووە و هەروەها ڕاوبۆچوونەکانی سەبارەت بە یەمەن و ئەفغانستان لەگەڵ بەرپرسانی سعودیەدا گۆڕیوەتەوە.

لە دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، یەکێتی ئەوروپا یارمەتیە مرۆییەکانی بۆ ئەفغانستان زیادکردووە، بەڵام یارمەتیەکانی لەڕووی گەشەپێدانەوە ڕاگرتووە، هەندێک وڵاتی دیکەی جیهان و بانکی جیهانی هەمان هەنگاوییان گرتۆتەبەر.

بۆڕێڵ وتی " بەدڵنیاییەوە ڕەوشێکی سەختە، چونکە ئەگەر بتەوێت یارمەتی پێشکەش بکەیت تاوەکو ئابووریی ئەو وڵاتە نەڕووخێت، بەشێوازێکی دیاریکراو، دەتوانیت یارمەتیدانی حکومەت لەبەرچاو بگریت، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە ڕەفتارەکانیانەوە، ڕەفتارەکانی ئەوانیش تاوەکو ئێستا هاندەر نەبوون."

وتیشی " ئەگەر ئابووری وڵاتەکە بڕووخێت، ئەوا ڕەوشی ئەرکە مرۆییەکان زۆر قورستر دەبێت، ویستی خەڵک بۆ جێهێشتنی وڵاتەکە زیاتر دەبێت، هەڕەشەی تیرۆریستان زیاتر دەبێت، بۆیە مەترسی سەرهەڵدانی ئەو هەڕەشانە لە ئەفغانستانەوە کاریگەرییەکی زیاتری دەبێت لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG