Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا بەندێک بۆ پاراستنی میدیا پەسەند دەکات


پەرلەمانی ئەوروپا بەندی ئازادی میدیای پەسەند کرد کە ئامانج لێی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و کارەکانییانە لە دەستوەردانی سیاسیی و ئابووریی.

بیرۆکەی بەندی ئازادی میدیای ئەوروپایی لە ساڵی 2022 دا پێشکەشکرا، ئەوەش دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی دەربڕی سەبارەت بە فرەیی میدیاکان لە وڵاتانی وەکو هەنگاریا و پۆڵەندادا.

بەندەکە سەنگی خستووەتە سەر خەرجییەکی جێگیر و سەربەخۆ بۆ میدیای گشتی، هەروەها شەفافییەت لە خاوەنداری میدیادا. هەروەها پاراستنی ڕۆژنامەنووسانیش لە خۆدەگرێت لە بێزارکردنییان لەلایەن بەرپرسان و سیخوڕیکردن کە بەکارهێندراوە بۆ بە ئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان، هەروەها ڕێوشوێنیشی تێدایە بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ڕۆژنامەنووسان.

ڕێکخراوەکانی مافی میدیاکان بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوەی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتیشەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پێشوازییان لە بەندەکە کردووە، بەڵام دەشڵێن دەکرا زمان و ستانداردی نوسراوەکە بەهێزتر بووایە.

یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان لە بەندەکەدا گرتنی میدیایە. ئەمە دەکرێت لە ڕێی هەوڵەکانی حکومەتەوە ڕووبدات بۆ کۆنتڕۆڵکردن یاخود فشارکردنە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندنی گشتی، هەروەها بەکارهێنانی ڕیکلامەکانی دەوڵەت وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، یان دەستبەسەرداگرتنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەلایەن هاوپەیمانەکانی حکومەتەوە لە جیهانی بازرگانیدا.

بۆ نموونە، لە هەنگاریا، گروپێکی میدیایی نزیکەی 500 دەزگای لە نێو دامەزراوەیەکدا کۆکردەوە و خستییە ژێر کۆنترۆڵی دامەزراوەیەکەوە کە لەلایەن لایەنگرانی سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربانەوە بەڕێوەدەبرا.

ئۆلیڤەر مەنی کایرڵی دامەزراوەی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی لە ڤییەنا وتی سەنگی بەندەکە لەسەر گرتنی میدیا هەنگاوێکی گرنگە لە وەڵامدانەوەی " زیادبوونی قەیرانەکاندا."

یەکێک لە ڕێگاکانی ئەنجامدانی ئەم کارە لە بەندەکەدا ئەوەیە کە حکومەتەکان داهاتی ڕیکلامی میدیاکان بە شێوەیەکی بابەتییانە و بێ جیاوازی دابەش بکەن و ساڵانە ڕاپۆرتی شەفاف بدەن سەبارەت بە چۆنییەتی دابەشکردنی داهاتەکان.

مەنی کایرڵ بە دەنگی ئەمەریکای وت بەندەکە ئەو حکومەتانە ناگرێتەوە کە فەرمانڕەوایی دانیشتوانێک دەکەن کە لە 100,000 دانیشتوو کەمتر بن.

بەپێی بەندەکە، دەستەی ئەوروپایی بۆ خزمەتگوزارییەکانی میدیا دادەمەزرێت، کە پێکدێت لە ڕێکخەرانی میدیایی نێودەوڵەتی. دەستەکە شیکاری بۆ ئەو دۆسییانە دەکات کە حکومەتەکان هەڕەشە لە ئازادی نوسین و فرەیی میدیا دەکەن.

مەنی کایرڵ وتی دەستەکە دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت دەستوەربدات و داوای ڕوونکردنەوە بکات لە حکومەتەکان یاخود لە ڕێکخەرانی ئەندامەوە.

تۆم گیبسنی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان وتی بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی بەندەکە دەکەوێتە سەر شانی وڵاتانی ئەندام تاوەکو دڵنیا ببنەوە لەوەی یاساکانییان لەگەڵ ڕێکارەکاندا بگونجێن.

وتیشی بەندەکە " فشار دەکاتە سەر وڵاتانی ئەندام تاوەکو بجووڵێن."

سەبارەت بە پەسەندکردنی بەندەکە وتی " ئەمە هەنگاوێکی زۆر گەورەیە. هەنگاوی گەورەتری دواتر جێبەجێکردنی دەبێت."

XS
SM
MD
LG