هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا و هاوپەیمانەکانی دەستیان بەسەر شاری شایەر و دوو شارۆچکەی دیکەدا گرت لە هەرێمی تیگرای باکووری وڵاتەکەدا، ئەمەش لە هێرشێکدا کە ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەخانەکان و ژێرخانە فیدڕاڵییەکانە.
هێرشەکە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەڵەوتی داوای ئاگربەستێکی بەپەلە دەکات و داواشی کردووە وڵاتی ئیتریای دراوسێی ئیسیوپیا هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا بکشێنێتەوە. شەڕەکە هیواکانی یەکێتی ئەفریقاشی بۆ گفتوگۆکردن لە ناوبرد.
حکومەتی ئیسیوپیا لە بەیاننامەیەکدا وتی هێزەکانی وڵاتەکە کۆنتڕۆڵی ئالاماتا و کۆریم و شایەرییان کردووە لە هەرێمی تیگرای و لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکاندا هەماهەنگی دەکەن تاوەکو یارمەتییەکانیان بگەیەننە ئەو ناوچانە.
بەرەی ئازادی گەلی تیگرای کە کۆنتڕۆڵی هەرێمی تیگرایان کردووە و دژی هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا دەجەنگن، دانیان بەوەدا نا کە چەند ناوچەیەکیان لەدەستداوە، بەڵام وتی بەرگری لە خۆی دەکات دژی دوژمنان.
ڕۆژی دووشەممە حکومەتی ئیسیوپیا وتی هەوڵی ئەوە دەدات کۆنتڕۆڵی ژێرخانە هەستیارەکانی هەرێمی تیگرای بکات، لەوانەش فڕۆکەخانەکان و دامەزراوەکانی پەیوەندی.
جەنگەکەی ناو تیگرای لە دوو ساڵ نزیک بووەتەوە، تاوەکو ئێستاش هیچ نیشانەیەکی ئاشتی دیار نیە. لە مانگی هەشتدا دوای پێنج مانگ لە ئاگربەست شەڕەکە دەستی پێکردەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا