حکومەتی فیدڕاڵی ئیتیوپیا و ڕابەرانی هەرێمی تیگرای باکووری ئیتیوپیا لە نایرۆبی پایتەختی کینیا دەستیان بە کۆبوونەوەکانیان کرد. مەبەست لە کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوانیان کە یەکێتی ئەفریقا نێوەندگری تیادا کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوو لایەنەکە تاوتوێی چۆنێتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەن، هەروەها باس لەوەش دەکەن چۆن بتوانن یارمەتی تەندروستی و خۆراکی تەواو بگەیەننە ئەو ناوچانەی کە بەهۆی دوو ساڵی جەنگەکەوە دابڕاون.
نوێنەرانی حکومەتی ئیتیوپیا و سەرکردایەتی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی دەکەن کە هیوایەکی بەخشیوە بەو هاوڵاتیانەی ئیتیوپیا کە بەدەست جەنگەکەوە ناڵاندوویانە و گیرییان خواردووە.
سەرۆکی پێشووی نایجیریا ئۆلوسیجون ئۆباسانجۆ و سەرۆکی پێشووی کینیا ئوهورو کینیاتا سەرۆکایەتی گفتوگۆکان دەکەن.
وتەبێژی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای گیتاچیو ڕیدا وتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی دەرفەتی زیاتر بۆ وڵاتەکە دروست دەکات.
وتی " کۆمەڵێک شت هەن کە دەبێت جێبەجێ بکرێن و کراون بە مەرج لە ڕێککەوتنەکەماندا. دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان یەکێکە لەو شتانە، هەتاوەکو خزمەتگوزاری زیاتر هەبێت، متمانەی زیاتر دەبێت، هەتاوەکو پەیوەندی زیاتر هەبێت و هەتاوەکو هیوا و پێشبینی خەڵکەکە زیاتر بێت ئەوا ئەو ئاشتییە پتەوتر دەبێت کە ئێستا هەوڵ دەدەین جێبەجێی بکەین. ئێمە پابەندین بە بەرزڕاگرتنی ئەو بەڵێنانەی کە داومانە."
ڕێککەوتنەکە داوای کۆتایی هێنان بە جەنگە دوو ساڵییەکەی ناو ئیتیوپیا و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دەکات بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی تیگرای.
دانوستکاری سەرەکی حکومەتی ئیتیوپیا ڕیدوان حوسەین وتی ئەو ئەرکێکی سەرەکییە دووبارە کۆمەڵگای تیگرای ببەستینەوە بە سەرانسەری وڵاتەکەوە.
وتی " لەو ناوچانەی کە دەستمان پێیان ناگات دەبێت بە خێرایی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ ببەستینەوە، لەوانەش سیستمی پەیوەندییەکان و وزە و بانک. بەڵام پێش ئەوە گەلەکەمان پێویستی بە خۆراک و دەرمان هەیە، ئێمەش هەوڵ دەدەین ئەوە خێراتر بکەین."
جەنگی نێوان هێزەکانی تیگرای و حکومەتی ئیتیوپیا بووە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە. هەروەها گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکانی وەکو خۆراک و دەرمانی بۆ ملیۆنان کەس لە هەرێمی تیگرای قورس کرد.
لە ڕێککەوتنەکەدا داوا کراوە بەرەی ئازادی گەلی تیگرای چەکەکانیان دابنێن و لە بەرامبەردا دووبارە دەخرێنەوە سەر ئیتیوپیا، هەروەها داوا کراوە سوپای نیشتیمانی ئیتیوپیا بگەڕێتەوە بۆ هەرێمەکە.
نوێنەرانی تیگرای دەڵێن سازدانی بە ئازارییان کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.
ئۆباسانجۆ کە سەرۆکی نێوەندگریکارانی یەکێتی ئەفریقایە وتی دوو لایەنەکە هێڵێکی گەرمی تەلەفونییان دامەزراندووە، هێڵەکە یارمەتییان دەدات چاودێری ڕێککەوتنەکە بکەن و پەیوەندی بە هێزەکانیانەوە بکەن لە کاتێکدا ئەگەر شەڕ و پێکدادان ڕووبدات.
کینیاتا کە لەگەڵ ئۆباسانۆجدا نێوەنگری دەکات لە گفتوگۆکاندا، وتی پێشبینی دەکات گفتوگۆکان ببنە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆی ئیسیوپیا.
وتی " لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەدا هاوەڵمان دەبێت کە پێکەوە کار دەکەن بۆ باشیی وڵاتەکەیان، بۆ باشیی ئیتیوپیا، بۆ قازانجی ناوچەکەمان و لە کۆتاییدا بەشداریکردنیان لەگەڵماندا لە خەباتماندا بۆ ئەوەی ئەفریقا بکەینە شوێنێکی باشتر و لە کۆتاییدا بۆ هەمیشە چەکەکان بێدەنگ بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین سەنگ بخەینە سەر باشیی گەلەکانمان."
جێی ئاماژەیە پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکان سێ بۆ چوار ڕۆژ بخایەنن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا