Accessibility links

بەرپرسانی ئیتیوپیا و هێزەکانی تیگرای کۆدەبنەوە بەمەبەستی پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی


بەرپرسانی حکومەتی ئیتیوپیا و هێزەکانی هەرێمی تیگرای باکووری وڵاتەکە لە نایرۆبی پایتەختی کینیا کۆدەبنەوە، مەبەست لە کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی دواتر دەبێت بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی بۆ کۆتایی هێنان بە دوو ساڵ لە شەڕکردن لە نێوانیاندا.

بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئیتیوپیا و نوێنەرانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای لە کینیا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی کە لە مانگی یانزەدا لە ئەفریقای باشوور واژۆ کرا.

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە بەرەی ئازادی گەلی تیگرای دەڵێت یارمەتییە مرۆییەکان ناگەن بە هەندێک لە ناوچەکانی هەرێمی تیگرای، بوونی هێزەکانی ئیریتریا لە ناوچەکەدا بە بەرپرس دەزانن کە لە ماوەی جەنگەکەدا هاتنە تیگرایەوە بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی ئیسیوپیا.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە تیگرای دەڵێن بەرپرسێکی هەرێمەکە ئاتینکوت مێزگیبۆ داوای لە حکومەتی ئیتیوپیا کردووە مامەڵە لەگەڵ " هێرشەکانی هێزەکانی ئیریتریادا بکات بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و تاڵانکردنی ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە بۆ خەڵکەکە ڕەوانەکراون."

شارەزایان دەڵێن بەردەوامبوونی " پێکدادانەکان و گەمارۆدانی یارمەتییە مرۆییەکان " ڕەنگە ببنە هۆی دروستبوونی کێشە لە ڕێککەوتنی ئاشتیدا.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا فەرماندەی هێزەکانی تیگرای تادێسی واریدی وتی وەکو بەشێک لە ڕێککەوتنەکە دوو لەسەر سێی چەکدارەکانی گۆڕەپانی جەنگەکەیان جێهێشتووە.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، ڕێڕەوێکی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ تیگرای کرایەوە و سیستمەکانی بانک و پەیوەندییەکان لە هەرێمەکەدا دووبارە کرانەوە.

حکومەتی ئیتیوپیا دەڵێت لە سەرەتای واژۆ کردنی ڕێککەوتنەکەوە زیاتر لە هەشت ملیۆن هاووڵاتی لە هەرێمەکانی ئافار و ئامهارا و تیگرای یارمەتی مرۆییان بە دەست گەیشتووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG