Accessibility links

لایەنەکانی جەنگی ناو هەرێمی تیگرای ئیسیوپیا ڕێککەوتن لەسەر وەستاندنی شەڕ


حکومەتی ئیسیوپیا و هێزەکانی هەرێمی تیگرای باکووری وڵاتەکە ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان، ئەمەش دوای دوو ساڵ لەو جەنگەی کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و سەدان هەزاران کەسی دیکەی ڕووبەڕووی برسێتی کردەوە.

هەفتەیەک دوای دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی کە یەکێتی ئەفریکا نێوەندگری تیادا کرد و لە پریتۆریای پایتەختی ئەفریکای باشوور بەڕێوەچوو، شاندەکانی حکومەتی ئیسیوپیا و هێزەکانی تیگرای ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد کە بەرپرسێکی یەکێتی ئەفریکا بە " ڕاگرتنێکی هەمیشەیی شەڕ و پێکدادانەکان " ناویبرد.

سەرۆکی شاندی تیمە نێوەندگرەکەی یەکێتی ئەفریکا ئۆلوسیگۆن ئۆباسانجۆ لە مەراسیمەکەدا گوتی " دوو لایەنەکەی ململانێکانی ئیسیوپیا بە فەڕمی ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان و داماڵینی چەک بە شێوەیەکی سیستماتیکی و ڕێکخراو."

ئۆباسانجۆ کە پێشتر سەرۆکی نایجیریا بووە گوتی ڕێککەوتنەکە " گەڕاندنەوەی یاسا و فەرمان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان دەگرێتە خۆی، هەروەها گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکانیش بەبێ هیچ بەربەستێک و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنیش دەگرێتەوە."

ئۆباسانجۆ گوتی " ئەم ساتە کۆتایی پڕۆسەی ئاشتی نیە. جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی کە ئەمڕۆ واژۆ کراوە زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتن." گوتیشی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن یەکێتی ئەفریقاوە سەرپەرشتی و چاودێری دەکرێت.

هەروەها ستایشی پڕۆسەکەی کرد و گوتی چارەسەرێکی ئەفریقایی بوو بۆ کێشەیەکی ئەفریقایی.

نوێنەری حکومەتی ئیسیوپیا ڕەزوان حوسەین کە هاوکات ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی سەرۆک وەزیری ئیسیوپیاشە، وتی دەبێت سەرجەم لایەنەکان ڕاست بن لەگەڵ پەیام و ڕۆحی ڕێککەوتنەکەدا.

لە وەڵامدا نوێنەری شاندەکەی هێزەکانی تیگرای گیتاچیو ڕەزا باسی لە فراوانی کوشتاری و کاولکارییەکانی کرد لە هەرێمەکەدا و وتی هیوادارە هەردوو لایەنەکە ڕێز لە بەرپرسیارێتییەکانیان بگرن.

لەلایەکی دیکەوە ستێفان دوجاریکی وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە کردووە.

دوجاریک گوتی " هەنگاوێکی سەرەتایی دڵخۆشکەرە، کە هیوادارین دڵنەوایی ملیۆنان هاوڵاتی مەدەنی ئیسیوپیا بداتەوە کە بە ڕاستی بە دەست ئەم ململانێیەوە ناڵاندوویانە."

جێی ئاماژەیە هێزەکانی ئیریتریا کە وڵاتێکی دراوسێی ئیسیوپیایە و سنووری بە هەرێمی تیگرایەوەیە، لەگەڵ هێزەکانی دیکەی هەرێمەکانی ئیسیوپیادا بەشدارییان لە جەنگەکەدا کردووە و پشتیوانییان لە هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا کردووە.

هیچ کام لە هێزەکانی هەرێمەکانی ئیسیوپیا و هێزەکانی ئیریتریا بەشدارییان لە گفتوگۆکانی ئەفریقای باشووردا نەکرد و لە مەراسیمەکەی ڕۆژی چوارشەممەشدا هیچ ئاماژەیەک نەدرا لەسەر ئەوەی ئایا ئەو هێزانە ملکەچی ڕێککەوتنەکە دەبن یاخود نا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG