Accessibility links

گفتوگۆکانی ئاشتی ئیسیوپیا لە ئەفریقای باشوور دەستیپێکرد


حکومەتی ئەفریقای باشوور دەڵێت گفتوگۆ فەڕمییەکانی ئاشتی کە مەبەست لێیان کۆتایی هێنانە بە جەنگە چەند ساڵەییەکەی نێوان سوپای ئیسیوپیا و هێزەکانی هەرێمی تیگرای باکووری ئیسیوپیا ڕۆژی سێشەممە لە ئەفریقای باشوور دەستییان پێکرد و ڕۆژی یەکشەممەش تەواو دەبن.

ئامانج لە گفتوگۆکان کۆتایی هێنانە بە جەنگەکەی ناو ئیسیوپیا کە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە و کەوتنەوەی برسێتییەکیش کە سەدان هەزاران کەس لە وڵاتەکەدا بە دەستییەوە دەناڵێنن.

ئەفریقای باشوور نێوەندگیری دەکات لە گفتوگۆکاندا، لە کاتێکیشدایە کە هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا دەستکەوتێکی بەرچاوی هەبووە لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا، لە هەفتەی ڕابردوودا کۆمەڵێک شارۆچکەی گەورەی لە تیگرای گرتەوە.

هێرشەکەی حکومەتی ئیسیوپیا کە هێزەکانی وڵاتی ئیرتریاش یارمەتییاندان، مەترسی ئازاردانی زیاتری هاوڵاتیانی مەدەنی لێکەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی ڕابەرانی وڵاتانی ئەفریقا و ئەوروپا و ئەمەریکا و تەنانەت پاپا فرانسیسیش داوای ئاگربەست و گفتوگۆیەکی بەپەلە بکەن.

وتەبێژی سەرۆکی ئەفریقای باشوور ڤینسینت ماگوینیا وتی " ئەفریقای باشوور هیوادارە گفتوگۆکان بە شێوەیەکی بونیادنەرانە بەرەوپێشەوە بڕۆن و دەرەنجامێکی سەرکەوتوویان لێبکەوێتەوە کە ببنە هۆی ئاشتییەکی هەمیشەیی بۆ خەڵکەکە و ئیسیوپیای ئازیزمان."

یەکێتی ئەفریقا دەڵێت نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا وەکو چاودێر ئامادەی گفتوگۆکان بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG