Accessibility links

بەرپرسێکی سەربازیی: سوپای ئیسیوپیا پلان بۆ " لەناوبردنی " هێزەکانی تیگرای دادەنێت


بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئیسیوپیا وتی سوپای ئیسیوپیا پلان دادەنێت بۆ چوونە ناو شاری میکێلی پایتەختی هەرێمی تیگرایەوە و " هێزە یاخیبووەکان " لەناوببات. ئەمەش لەنێوەندی هەوڵە دیبلۆماتیەکاندا بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکانی باکووری وڵاتەکە.

زیاتر لە ساڵێکە ئیسیوپیا بەدەست شەڕی ناوخۆوە دەناڵێنێت، هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا و هاوپەیمانەکانی دژی هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای دەجەنگن. هەرێمی تیگرای باکووری وڵاتەکەش لەژێر دەسەڵاتی حیزبی بەرەی ئازادی گەلی تیگرایدایە.

لە ماوەی ڕابردوودا دوو بەرپرسی باڵای ئەمەریکا سەردانی ئادیس ئابابای پایتەختی ئیسیوپیایان کرد، ئەوەش لە هەوڵێکی ئەمەریکادا بۆ خستنەوەی ئاگربەست لە وڵاتەکەدا.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فانای سەر بە حکومەتدا، جێگری سەرۆکی هێزەکانی بەرگری ئیسیوپیا جەنەڕاڵ ئابیباو تادێسی وتی وڵاتەکە ئاشتی بەخۆیەوە نابینێت تاوەکو هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای لەناونەبرێن.

وتی " تیگرای بەشێکە لە ئیسیوپیا و هیچ هێزێک ناتوانێت ڕامانبگرێت لە چوونە ناو هەرێمەکە. دەچینە ناوەوە و دوژمن لەناودەبەین. نابێت هیچ نادیارییەک سەبارەت بەوە هەبێت."

وتیشی " خەڵکی ئیسیوپیا نابێت وابزانن ئەمە تەواو بووە، تەواو نەبووە. هۆکاری سەرەکی ئەمەی کە وەستاین بەهۆی ئەوەوە بوو پێویست بوو خۆمان ئامادە بکەین. ئەم دوژمنە هێشتا لەوێیە، دەبێت بەتەواوەتی لەناوببرێت. گفتوگۆشیان لەگەڵدا ناکەین."

وتەبێژی هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای گاتاچیو ڕیدا تاوەکو ئێستا قسەی لەسەر لێدوانەکانی بەرپرسە سەربازییەکەی ئیسیوپیا نەکردووە.

وتەبێژی حکومەتی ئیسیوپیا لێگێسی تولو و وتەبێژی ئابی ئەحمەدی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە بیلین سیۆمیش وەڵامیان نەداوەتەوە بۆ قسەکردن لەسەر لێدوانەکانی ئابیباو.

لەلایەکی دیکەوە فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئیسیوپیا یەلما مێرداسا ڕەتی کردەوە هاوڵاتیانی مەدەنی لە ململانێکاندا بکرێنە ئامانج، وتی هێزەکانی ئەو تەکنەلۆجیایەیان هەیە کە لەڕێیەوە خۆیان لەو کارە بەدووربگرن.

وتیشی " لێدوانەکانی هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای کە گوایە هێزی ئاسمانیمان هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج، درۆیە."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش و ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکان دەربڕیوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG