Accessibility links

ڕووسیا و ئیستۆنیا باڵیۆزەکانی یەکتر لە وڵاتەکانیان دەردەکەن


باڵیۆزی ئیستۆنیا مارگوس لایدری،
باڵیۆزی ئیستۆنیا مارگوس لایدری،

ڕووسیا و ئیستۆنیا باڵیۆزەکانیان لە وڵاتانی یەکتر دەرکرد، دەڵێن نێردە دیبلۆماسییەکانیان لەلایەن بەرپرسی کاروبارەکانەوە ڕابەرایەتی دەکرێن لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بەهۆی ئۆکرانیاوە گەیشتنە ئاستێکی نزمترەوە.

لە دەربڕینی هاوسۆزییەکدا بۆ دراوسێکەی لە باڵتیک، لاتیڤیا ڕایگەیاند لە24 ی مانگی دووەوە ئەویش بە هەمان شێوە ئاستی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان لەگەڵ ڕووسیادا نزم دەکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بانگی باڵیۆزی ئیستۆنیا مارگوس لایدری کرد و فەرمانی پێکرد تاوەکو 7 ی مانگی دوو وڵاتەکە جێبهێڵێت.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی لە ئێستا بە دواوە نوێنەرایەتی دیبلۆماتی ئیستۆنیا لە ئاستی باڵیۆزەوە کەم دەکرێتەوە بۆ بەرپرسی کاروبارەکان کە ڕابەرایەتی ئەرکەکەی ئیستۆنیا دەکات لە مۆسکۆ.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی ئەو هەنگاوەیان وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک بووە بۆ " هەنگاوە نوێیە نادۆستانەییەکەی ئیستۆنیا بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە تالین."

وزیری دەرەوەی ئیستۆنیا ئورماس ڕێنسالو لە وەڵامدا وتی باڵیۆزی ڕووسیاش لە 7 ی مانگی دوودا وڵاتەکە جێدەهێڵێت، ئەوەش بەپێی " بنەمای یەکسانی."

دواتر لاتیڤیا هەمان ڕێوشوێنی گرتەبەر، وەزیری دەرەوەی لاتیڤیا ئێدگارس ڕینکێڤیکس وتی " وەکو هاوسۆزییەک بۆ ئیستۆنیا، لاتیڤیا لە 24 ی مانگی دووەوە ئاستی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان لەگەڵ ڕووسیادا کەم دەکاتەوە."

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا وەزارەتی دەرەوەی ئیستۆنیا فەرمانی بە ڕووسیا کرد تاوەکو 1 ی مانگی دوو ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە 15 کارمەندەوە بۆ هەشت کارمەند کەم بکاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی " یەکسان بن لە ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکانیاندا."

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئیستۆنیا بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا کەم کردەوە. ڕێنسالو لە 11 ی مانگی یەکدا وتی " ئێستا سنوورێک دادەنێین بۆ ژمارەی ئەو دیبلۆماتکارە ڕووسییانەی کە لە ئیستۆنیا کاردەکەن، ئەوەش لە پێناو خستنەوەی یەکسانیدا. کارەکەی ئەمڕۆ بە گشتی پەیوەندی بە نزمی ئاستی پەیوەندییەکانەوە هەیە."

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی " سەرکردایەتی ئیستۆنیا بە مەبەست سەرجەم بوارەکانی پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیادا لە ناوبرد."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG