Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەردانی عێراق دەکات


وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئیسپەر ئەمڕۆ گەیشتە بەغداد و پێدەچێت لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا تاوتوێی بابەتی ماوەی مانەوەی هێزە کشاوەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکات بۆ سەر خاکی عێراق.

ڕۆژی سێشەممە سوپای عێراق ئاماژەی بەوەدا ئەو هێزە کشاوانەی ئەمەریکا لە سوریا کە هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە مۆڵەتی مانەوەیان وەرنەگرتووە بەڵام دەتوانن بۆ ماوەیەکی کاتی لەسەر خاکی عێراق بمێننەوە.

سەرەڕای ئەوەی ئیسپەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەو هێزانە دەگوازرێنەوە بۆ ڕۆژئاوای عێراق تاوەکو بەردەوام بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش و یارمەتیدانی هەوڵەکان بۆ بەرگریکردن لە عێراق، بەڵام ڕۆژی سێشەممە وتی ئامانجی ئەمەریکا گەڕاندنەوەی ئەو هێزانەیە بۆ ئەمەریکا.

واپێشبینی دەکرێت ئیسپەر لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی و سەرۆک وەزیری عێراق عادل عەبدولمەهدیدا کۆببێتەوە. هەروەها تاوتوێی بابەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا دەکەن و هەروەها گفتوگۆ لەسەر ڕۆڵی عێراق دەکەن لەم بارەیەوە.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی " ئەرکی سەرەکیمان بۆ عێراق هاندانی عێراقە تاوەکو سەربەخۆ و سەقامگیر و ئارام بمێنێتەوە."

ئەم سەردانەی ئسپەر دوای ڕێكەوتنەکەی مۆسکۆ و ئەنقەرە دێت بۆ بڵاوکردنەوەی هێزەکانی سوریا و ڕوسیا لە باکووری سوریا و کشانەوەی هێزە کوردەکان لە سەر سنووری نێوان سوریا و تورکیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG