Accessibility links

ئێریتریا باڵیۆزخانەی خۆی لە ئەثیوپـیا دەکاتەوە لە پاش 20 ساڵ لە شەڕ و ناکۆکی


ئێریتریا جارێکی دیکە باڵیۆزخانەی خۆی لە ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەثیوپـیا کردەوە، ئەمەش پاش 20 ساڵ لە شەڕ و ناکۆکی نێوانیان کە بەهۆیەوە بە دەیان هەزار کەس کوژران.

ئەمڕۆ دووشەممە لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی ئیسیاس ئەفورکی سەرۆکی ئێریتریا و ئابی ئەحمەد سەرۆک وەزیری ئەثیوپـیا جارێکی دیکە دەرگای باڵیۆزخانەکە کرایەوە و هەردوو ڕێبەر پـێکەوە ئاڵای ئێریتریایان تیایدا بەرزکردەوە و موزیکی سروودی نیشتمانی ئێریتریا لە لایەن تیپـێکی موزیکی لەشکری لێدرا.

یەمانی میسکیل وەزیری ڕاگەیاندنی ئێریتریا لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی ئەمە هەنگاوێکی دیکەی گەورەیە بە ئاڕاستەی ئاشتی و دۆستایەتی بەهێز و تایبەتی نێوان هەردوو وڵات.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئێریتریا ڕۆژی شەممە گەیشتە ئەدیس ئەبابا پاش چەند ڕۆژێک لەوەی سەرۆک وەزیری ئەثیوپـیا سەردانی ئێریتریای کرد و لەوێ ڕێکەوتننامەیەکی واژوکرد بۆ دەسـتیپـێکردنەوەی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات.

لە پاش دەیان ساڵ لە شەڕی چەکداری، ئێریتریا لە ساڵی 1993 لە ئەثیوپیا جیابووەوە. بەڵام جارێکی دیکە لەسەر کێشەی سنووری لە ساڵی 1998 شەڕ لە نێوانیان هەڵگیرسایەوە. مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 80 هەزار کەس لەو نێوەدا کوژرابن.

XS
SM
MD
LG