سەرۆکی تورکیا بەڵێنی دا وڵاتەکەی نەهێڵێت لە سوریا قەندیلێـکی دیکە دروستببێت و گوتی لەشکری تورکی لە تۆپبارانی یەپەگە ناوەستێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێـکیدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی "وڵاتانی ڕۆژئاوا داوایان لە تورکیا کردووە تۆپـبارانی یەپەگە ڕابگرێت، بەڵام داوای لێبوردنیان لێ دەکەین ئەوە ناکەین و بەردەوام دەبین لە تۆپبارانکردنیان."
گوتیشی" هەر کەسێـک تۆپ بگرێتە تورکیا نەک جارێـک وەڵام دەدرێتەوە، بەڵکو دوو جار."
پاشان جارێـکی دیکە ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرتەوە لەسەر یەپەگە و گوتی " لە ڕاستیدا ئەمەریکا بەردەوامە لە پـشـتیوانیکردنی یەپەگە، ئەمەش شتێـکە قورسە لێی تێبگەم."
ئەردۆغان ڕووی دەمی کردە ئەمەریکا و گوتی " ئێمە هاوپەیمانی ناتۆ نین؟ تۆ دۆستی ئێمەیت یان پەیەدە؟"
گوتیشی " ئێوە دەزانن ئێمە دۆستایەتیمان لەگەڵ ئێوە دەوێت، بەڵام ئەگەر ئێوە ناتانەوێت، ئەوا بە ئاشکرا و بە دەنگێـکی بەرز ڕایبگەیەنن."
سەرۆکی تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ پەیوەندی نێوان پەکەکە و پەیەدە کرد و گوتی وەکو پەیوەندی نێوان قاعیدە و بەرەی نوسرەیە. گوتی بۆیە ئێمە هیچ یەک و دووی لێناکەین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پـێویست لە دژی هەرچ ڕێـکخراوێـکی تێرۆرستی لە سوریا.
دواتر هەڕەشەی کرد و گوتی " هەر کەسێـک دەیەوێت ئاستی پـشوودرێژی تورکیا بزانێت، ئەوا پـێویستە بزانێت کە گەیشتووەتە ئەوپەڕی."