Accessibility links

سەرۆکی تورکیا ڕەخنەی توند دەگرێت لە بڕیاری دادگای واشنتن سەبارەت بە پاسەوانەکانی

  • VOA News

رەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆکی تورکیا دەڵێت مایەی شەرمەزاریە کە دادگایەکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕیاریداوە 19 کەس تۆمەتبار بکات کە 15 یان پاسەوانانی ئاسایشی تورکین.

ئەم لێدوانەی رەجەب تەیب ئەردوغان دوای ئەوە دێت کە 19 کەس بە فەرمی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تۆمەتبارکراون بە هۆی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران ئەوانەی بە ئاشتیانە لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە واشنتن گەردببوونەوە لەو کاتەی سەرۆکی تورکیا لە 16 مانگی پـێنجی ئەمساڵدا بە سەردانێک گەیشتبووە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

لەو بارەیەوە ئەمڕۆ هەینی رەجەب تەیب ئەردوغان گوتی" ئەو پاسەوانانە کە دادگایەکی ئەمەریکا تۆمەتباری کردوون ، پاسەوانی منیان دەکرد ومنیان دەپاراست لە گروپێکی سەر بە ملیتانانی کوردی قەدەغەکراو ، دوای ئەوەی پۆلیسی ئەمەریکا نەیان توانی پارێزگاریم لێبکەن."

جێی ئاماژەیە یەکێک لەوانە تۆمەتبارکراوە ، سەرۆکی پاسەوانانی خودی سەرۆک رەجەب تەیب ئەردوغانە. رەجەب تەیب ئەردوغان تۆمەتبارکردنی فەرمی پاسەوانەکانی بە کارێکی روون و شەرمەزار لەقەڵەمدا، دەڵێت ئەمە دەرخستنی شێوازی کارکردنی دادوەریە لە ئەمەریکا ، ئەردوغان گوتیشی ئەم مەسەلەیە لەگەڵ سەرۆک ترامپ تاووتوێ دەکات لە میانەی سەردانی ئەم مانگەی بۆ شاری نیویۆرک.

بەڵام ڕێکس تێلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیانـنامەکەدا بە توندی پشـتیوانی لە بڕیارەکەی دادگا کرد و گوتی" ئەمەریکا چاوپـۆشی ناکات لە هیچ کەسێـک بیەوێت بە ترساندن و توندوتیژی دەنگی ئازادی ڕادەربڕین و خستنە ڕووی ڕاوبۆچوونی سیاسی کپبکات."

XS
SM
MD
LG