Accessibility links

سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە داوا لە ئەمەریکا دەکات لە شاری مەنبجی سوریا بکشێتەوە


سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە داوای لە ئەمەریکا کرد هێزەکانی لە شاری مەنبجی باکوری سوریا بکشێنێتەوە، وە دەڵێت شارەکە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانی دەگەڕێنێتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارەکەی بۆ ئەندامانی پارتەکەی (ئاکەپە) لە ئەنکەرە گوتی " ئەمەریکایـیەکان پـێـیان گوتین لە مەنبج نامێنینەوە، ئەی بۆ ماونەتەوە؟ فەرموو بڕۆن!"

هەروەها گوتی ئەمەریکا پەیەدە و یەپەگە و پەکەکەی بۆ ئەو شارە هێناوە، ئەمەش لە کاتێکدا 90% ی دانیشتوانی مەنبج عەرەبن. گوتیشی بۆیە هێزەکانی تورکیا دێن بۆ ڕادەستکردنی ئەو شارە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی.

ئەردۆغان ڕەخنەشی لە براک ئۆباما سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا و سەرۆک ترامپ گرت و گوتی " زۆر شتیان پـێگوتین ڕاست نەبوون، بەڕێز ئۆباما ڕاستی نەگوت و ئێستاش بەڕێز ترامپ هەمان ڕێچکەی گرتووە."

سەرۆکی تورکیا بەردەوامبوو لە ڕەخنەگرتن لە ئەمەریکا و گوتی" ئەمەریکا دەڵێت داعشمان لەناوبرد، ئەگەر داعشتان لەناوبردووە بۆچی لەوێ ماونەتەوە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەمەریکا 5 هەزار ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر لەگەڵ 2 هەزار باری فڕۆکەی چەک و تەقەمەنی بۆ ناوچەکە ناردووە، گوتی" ئەم هەمووە بۆ کوێ دەنێرن؟ ئەمە چ پەیوەندیـیەکی بە باکوری سوریاوە هەیە؟ فەرموو وەڵامێکمان بدەنەوە، ئەگەر دەڵێن بۆ شەڕی دژی داعشە، ئەوا بڕواتان پـێناکەین."

لە بارەی بەردەوامبوونی ئەمەریکا لە ڕەوانەکردنی چەک بۆ باکوری سوریا، پـرسیار لە سەرۆکی تورکیا کرا، ئایا ئەنکەرە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی هەنگاودەنێت لە دژی واشنتن؟. ئەویش لە وەڵامدا گوتی تاووتوێی ئەم بابەتە دەکەن و هەنگاوی پـێویستی بۆ دەنێن.

XS
SM
MD
LG