وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ئیبراهیم کالین دەڵێت سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێش کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە مەدرید لەگەڵ ڕابەرانی سوید و فینلاندا کۆدەبێتەوە.
بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سوید و فینلاند بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا. بەڵام تورکیا دژایەتی داواکەیان دەکات و دەڵێت ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی لە هێزە چەکدارییە کوردییەکان دەکەن و هەناردەکردنی چەکییان بۆ تورکیا قەدەغە کردووە.
کالین بە کەناڵی هابیرتورکی وت خۆی و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سیدات ئۆناڵ جارێکی دیکە لە ڕۆژی دووشەممەدا لەگەڵ شاندەکانی سوید و فینلەندادا لە بڕۆکسل کۆدەبنەوە.
گوتی " لەسەر داوای سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ، چوار کۆبوونەوە لەسەر ئاستی ڕابەران ئەنجام دەدرێت و سەرۆکەکەشمان ئامادەی کۆبوونەوەکەی مەدرید دەبێت."
کالین گوتی ئامادەبوونی ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ سوید و فینلەندا و ناتۆ " مانای ئەوە نیە لە هەڵوێستی خۆمان پەشیمان ببینەوە."
گوتیشی تورکیا لەگەڵ سوید و فینلەندا بەشێوەیەکی بەرچاو لەسەر کۆمەڵێک بابەت ڕێکەوتوون و ئەگەر ڕۆژی دووشەممەش ڕێکبکەون لەسەر ئەو بابەتانە ئەوا لە کۆبوونەوەکەی مەدریددا لە بارودۆخێکی باشتردا دەبن.
گوتی " گفتوگۆکانمان گەیاندۆتە خاڵێکی دیاریکراو، ڕێی تێناچێت ئێمەە لێرەدا بکشێینەوە."
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا تورکیا گوتی ئەو نوسراوانەی کە لەلایەن سوید و فینلەنداوە بەدەستی گەیشتووە سەبارەت بە داواکانی تورکیا لەو دوو وڵاتە، زۆر دوور بوون لە پێشبینییەکانەوە و هەر گفتوگۆیەک بکرێت دەبێت سەرەتا تیایدا باس لە نیگەرانییەکانی تورکیا بکرێن.
کالین لە ڕابردووشدا ئاماژەی بەوەداوە کە کۆبوونەوەکەی ناتۆ لە مەدرید دوا وادە نییە بۆ گفتوگۆکان سەبارەت بە داواکانی سوید و فینلەندا بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتییەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز