Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت ڕاگەیاندنەکان ئازادن، بەڵام ڕۆژنامەنووسە تورکەکان هاوڕا نین لەگەڵ ئەوەدا


سەرۆکی تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمەریکی ڕەخنەکانی سەبارەت بە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا ڕەت کردەوە و وتی ڕاگەیاندنەکان " لە ئازادیدا هاوشێوەیان نیە."

بەڵام لێدوانەکانی ئەردۆغان لە هەمان مانگدایە کە کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی سکاڵای یاسایی بوونەتەوە.

یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە و نوێنەری پەیامنێرانی بێ سنوور ئیڕۆڵ ئۆندەرگلو، لە 30 ی مانگی نۆدا بە تۆمەتی ئەوەی ڕۆڵی هەبووە لە هەڵمەتی هاوسۆزی دەربڕین لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی کوردیدا بە ناوی ئۆزگور گوندیم دادگاییکرا.

ئۆندەرگلو بە دەنگی ئەمەریکای وت " هێشتا تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا لە خراپترین حاڵەتدایە لەدەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووساندا."

ئۆندەرگلو وتی ڕۆژنامەنووسانی ئۆپۆزسیۆن کێشەیان بۆ دروست دەبێت لە وەرگرتنی کارتی مۆڵەتی ڕۆژنامەگەریدا، کەناڵە تەلەفیزیۆنیە هەستیارەکان بەبێ هۆ لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ڕێکخەری تەلەفیزیۆن و ڕادیۆوە غەرامە دەکرێن، هەروەها ڕۆژنامەکانی ئۆپۆزسیۆن دەرماڵەی حکومییان بۆ ڕاگەیاندن لەدەستداوە.

بەڵام لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەدا، ئەردۆغان وتی لەمیانەی گفتوگۆ تایبەتەکەیاندا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن باسی لە چۆنێتی مامەڵەکردنی تورکیا نەکردووە لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا .

ئەردۆغان بە سی بی ئێسی وت " هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئازادییەکاندا نیە. تورکیا هاوشێوەی نیە لە ئازادیدا."

جێی ئاماژەیە چاودێرانی ڕاگەیاندنەکان بە ئاڕ ئێس ئێف و لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانەوە کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، سەدان دەستگیرکردن و تۆمارکردنی سکاڵای یاساییان دژ بە ڕۆژنامەنووسان ئاشکرا کردووە. ئەمانە هەمووی لە پێنج ساڵی ڕابردوودا.

ئۆندەرگلو وتی " ناکرێت دیدی ئێمە وەکو تێگەیشتنی بەڕێز ئەردۆغان بێت بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و دیدی ئەو بۆ ڕاگەیاندنی بەدیل لە تورکیا. کێشەی مەترسیدار لەو ڕووەوە دەبینین."

ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی تورکیا بە ناوی گۆرکیم کیناچی کە بۆ ڕۆژنامەی ئێڤەرنسیل کاردەکات، بە هەمان شێوە باوەڕی وایە دەستگیرکردنەکان و سکاڵا یاساییەکان لەگەڵ قسەکانی ئەردۆغاندا یەک ناگرنەوە.

کیناچی بە دەنگی ئەمەریکای وت " دادگاییەکانی ڕۆژنامەنووسان و غەرامەکردنی ڕۆژنامەکان و سانسۆر خستنەسەر یاساکان، زۆر بە ڕوون و ئاشکرا تۆماری حکومەت لە ئازادی ڕۆژنامەگەریدا پیشان دەدەن."

ڕۆژنامەنووسانی دیکە دەڵێن تۆماری تورکیا لە ئازادی ڕۆژنامەگەریدا دەبێت بەپێی هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 ی وڵاتەکەوە لێی بڕوانرێت.

نوسەرێکی ڕۆژنامەی سەباح هیلال کاپلان بە دەنگی ئەمەریکای وت " پێویستە سەیری ڕەوشە تایبەتیەکەی تورکیا بکرێت." دوابەدوای کودەتاکە کە بەهۆیەوە زیاتر لە 250 کەس مردن.

دوابەدوای کودەتاکەی ساڵی 2016، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد، بەرپرسانی تورکیا ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان دەستگیر دەکرد کە دەیانوت پەیوەندییان بە کودەتاکەوە هەبووە، ڕاپۆرتەکانی ئەو ساڵەی سی پی جەی دەریدەخات 86 ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون. سی پی جەی لیژنەیەکی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانە و باس لەو ڕۆژنامەنووسانە دەکات کە ڕاستەوخۆ بەهۆی کارەکانیانەوە دەستگیردەکرێن.

چاودێرانی ڕاگەیاندنەکان تورکیایان تۆمەتبار کردووە بەوەی هەوڵی کودەتاکەیان وەکو بیانوویەک بەکارهێناوە بۆ بێدەنگکردنی دەنگە کاریگەرەکانی ئۆپۆزسیۆن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG