سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانەی وتارێکیدا بۆ لایەنگرانی لە ئیستەنبوڵ ئۆپۆزسیۆنی بە تۆمەتی " لایەنگریکردن لە هاوڕەگەزخوازی " تۆمەتبار کرد، لە کاتێکدا کە لێدوانەکانی دژی ڕکابەرەکانی توندتر کردەوە، هەفتەیەک پێش ئەوەی هەڵبژاردنەکان دەست پێبکەن.
هاوکات لە شاری ئیرزوروم کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی لایەنگری پارتی ئاکەپەی ئەردۆغان دەکەن، خۆپیشاندەران بەردییان گرتە سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، کە ئەندامی پارتی کۆماری گەلی تورکیایە و پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنە لە وڵاتەکەدا.
دواتر ئیمامئۆغلۆ باسی لەوە کرد لە ماوەی ڕووداوەکەدا نۆ کەس بریندار بوون.
بڕیارە لە 14 ی مانگی پێنجدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچن، بەپێی ئامارەکانیش ئەردۆغان لە ماوەی دوو دەیەی دەسەڵاتیدا ئەمجارە ڕووبەڕووی گەورەترین ئاستەنگ بۆتەوە لە هەڵبژاردنەکاندا.
ئەردۆغان لە ماوەی وتارەکەیدا بۆ لایەنگرانی لە ئیستەنبوڵ، وتی " پارتی ئاکەپە و پارتەکانی دیکە لە هاوپەیمانێتییەکەماندا هەرگیز نابنە لایەنگری هاوڕەگەزخوازی، چونکە خێزان بۆ ئێمە پیرۆزە. لایەنگرانی هاوڕەگەزخوازیش لە سندووقەکانی دەنگداندا دەنێژین."
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ئەردۆغان لێدوانەکانی دژی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان توندتر کردۆتەوە، چەندین جار بە ئەندامانی " لادەران لە ئاسایی " ناویبردوون.
هاوکات ئەردۆغان هێرشیشی کردە سەر کەمال کلیچدارئۆغلۆی ڕکابەریشی کە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتییە سەرەکییەکەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا دەکات.
ئەردۆغان وتی " زۆرێک لە خەڵکەکە ڕێگە نادەن سەرخۆش و مەیخۆرەکان دەسەڵات بگرنەدەست. بەڕێز کەمال، دەتوانیت بە بەرمیل بخۆیتەوە، هیچ شتێک چارەسەرت ناکات."
وتیشی " لە 14 ی مانگی پێنجدا گەلەکەم وەڵامی پێویست دەداتەوە. ڕێگە نادەین کلیچدارئۆغلۆ، کە دەستی لەگەڵ تیرۆریستاندا تێکەڵ کردووە، نیشتیمانەکەمان دابەش بکات."
بەپێی گرتە ڤیدیۆکان، لە بۆنەیەکدا لە ئیزوروم، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، کە ئەگەر کلیچدارئۆغلۆ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو ببێت ئەوا دەبێتە جێگری سەرۆک، وتارێکی پێشکەشی لایەنگرانی دەکرد کاتێک هەندێک لە خەڵکەکە بەردییان گرتە ئەو و لایەنگرەکانی.
ئیمامئۆغلۆ نەیتوانی وتارەکەی تەواو بکات و بە پاسێک گواسترایەوە.
ئیمامئۆغلۆ بە لایەنگرانی وت " لەبەر پارێزراوی ئێوە دەڕۆین." وتیشی سکاڵایەکی یاسایی دژی فەرمانڕەوای ئیرزوروم و سەرۆکی پۆلیسی شارەکە تۆمار دەکات بەهۆی ئەوەوە کە ڕێگەیانداوە ئەم توندوتیژییە ڕووبدات.
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت لانیکەم کەسێک دەموچاوی بریندار بووە.
ئیمامئۆغلۆ دواتر لە تویتەر نوسیویەتی " فەرمانڕەوای ئیرزوروم پەیوەندی پێوە کردووم و پێی وتم حەوت کەس بریندار بوون. تاوەکو ئێستا قسەم لەگەڵ نۆ برینداردا کردووە."
لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2018 ی تورکیادا، ئەردۆغان لە ئیرزوروم لە سەدا 72 ی دەنگەکانی بە دەستهێنا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز