Accessibility links

سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە هێرشی توند دەکاتەوە سەر هۆڵەندا و ئەڵمانیا


سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە هێرشی توندی کردەوە سەر هۆڵەندا و ئەڵمانیا و دەڵێت داوای لێبوردن بەس نیـیە و هێشتا ڕێوشوێنی دیکە ماوە تورکیا لە دژیان بیگرێتەبەر و دەبێت باجەکەی بدەن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەی پـزیشکانی تورک لە ئەنکەرە وتارێکی پـێشکەشکرد و تیایدا گوتی "هەندێک لە سیاسیـیەکانی ڕۆژئاوا ڕەفتاری فاشیزمی و ڕەگەزپەرستانەیان هەیە و دژایەتی ئیسلام دەکەن و پەنابەران لەسەر سنوورەکان ڕادەگرن و فشاری نامرۆیانەیان دەخەنەسەر."

گوتی وڵاتانی ڕۆژئاوا مەیدانەکەیان بۆ کەسانی فاشیزم و دوژمنانی خەڵکی بیانی چۆڵکردووە.

هەروەها هۆڵەندای تۆمەتبارکرد بە پـێشێلکردنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیـیەکان کاتێک شەوی شەممە وەزیری خێزان کۆمەڵاتی تورکیایان بەرەو ئەڵمانیا گەڕاندەوە. گوتی "حکومەتی هۆڵەندا کە شانازی دەکات بە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی گردبوونەوە و ئازادی ژن، شەوی شەممە بە پێچەوانەی ئەم ئازادیانە ڕەفتاریان کردبوو."

پاشان هێرشی کردە سەر ئەڵمانیا و گوتی ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا پـشتیوانی خۆی بۆ هۆڵەندا دەربڕی، ئەمەش جێی سەرسوڕمان نیـیە بۆ تورکیا، چونکە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ هۆڵەندا نیـیە، بۆیە تورکیا چاوەڕێی لێدوانێـکی دیکەی لێ ناکات. گوتی "هۆڵەندیـیەکان بە سەگ و ئەسپ هێرشمان دەکەنەسەر و ئەڵمانەکانیش بە هەمان شێوە."

لە بەشێـکی وتارەکەی هۆڵەندای تۆمەتبارکرد بە بەشداریکردن لە کوشتنکاریەکەی ساڵی 1995 ی سربرێنیتسای ڕۆژهەڵاتی بۆسنە، ئەوەی 8 هەزار کەسی تیادا کوژران.

هەروەها داوای لە تورک و موسڵمانانی هۆڵەندا کرد لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ نەدەن بە هەردوو پارتی ئازادی ڕاستڕەوی دەسەڵاتدار و پارتی گەلی لیبراڵی دیموکرات.

هاوکات داوای لە تورکەکان کرد بە ئەرێ دەنگ لە ڕیفراندۆمەکەی مانگی چواردا بدەن، دەڵێت ئەمە وەڵامدانەوەیەک دەبێت بۆ دوژمنان.

ئەم لێدوانانەی سەرۆکی تورکیا پاش ئەوە دێن کە یەکێتی ئەوروپا دوێنێ دووشەممە داوای لە ئەنکەرە کرد دۆخەکە هێوربکاتەوە و لێدوانی توندئامێز نەدات تاوەکو گرژیـیەکان لەوە زیاتر نەبن.

XS
SM
MD
LG