Accessibility links

ئەردۆغان دەستکاری لیژنەی سیاسەتی دارایی دەکات و نرخی لیرەی تورکی دادەبەزێت


دەزگای هەواڵی فەڕمی گازێتی تورکیا وتی سەرۆکی وڵاتەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سێ ئەندامی لیژنەی سیاسەتی دارایی بانکی ناوەندی لەکارەکانیان لابردووە و دوو ئەندامی نوێی خستۆتە شوێنیان.

وتیشی ئەوانەی لە کارەکانیان لابراون جێگرەکانی فەرمانڕەوای بانکی ناوەند بوون، سەمیح تومین و یوگور نامیک کوچوک، هەروەها ئەندامێکی دیکەشی لیژنەی سیاسەتی دارایی بە ناوی عەبدوڵا یاڤاسەوە.

ئەردۆغان تەها کامکاکی وەکو جێگری فەرمانڕەوای بانکی ناوەند و یوسوف تونای وەکو ئەندامی لیژنەی سیاسەتی دارایی دەستنیشانکرد.

شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن ئەم هەنگاوە بەڵگەیەکی نوێیە لەسەر دەستوەردانە سیاسییەکانی ئەردۆغان.

هاوکات دوای ڕاگەیاندنەکە نرخی لیرەی تورکی بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی.

ئەم دەستکاریکردنە دوای ئەوە هات سەرۆکایەتی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە وتی ئەردۆغان لەگەڵ فەرمانڕەوای بانکی ناوەند سەهاپ کاڤیچگلودا کۆبۆتەوە.

سەرچاوەیەک بە ڕۆیتەرزی وت یاڤاس و کوچوک لەمدواییانەدا دژایەتی هەندێک لە بڕیارەکانی لیژنەی سیاسەتی داراییان کردووە.

ئەردۆغان کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە لیژنەی سیاسەتی دارایی بانکی ناوەنددا کردووە. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سێ فەرمانڕەوای بانکی ناوەندی دەرکردووە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە هاوڕا نەبوون لەسەر سیاسەتی دارایی وڵاتەکە، بەمەش زیانێکی گەورە بە لیرەی تورکی گەیشتووە.

ڕۆژی پێنجشەممە وەبەرهێنەرێکی بیانی وتی " دەرکردنی بەرپرسانی بانکی ناوەند لە نیوە شەودا و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی باش، ئەو شێوازەیە کە ناتەوێت لەڕێیەوە بانکێکی ناوەندی متمانەپێکراو دروست بکەیت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG