Accessibility links

سەرۆکی تورکیا لەگەڵ پاپا کۆدەبێتەوە


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا گەیشتۆتە ڤاتیکان بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ پاپا فرانسیس.

هەر وەک چاوەڕوان دەکرا لەو وتووێژانەدا سەنگی خرایە سەر ڕەوشی شاری ئۆرشەلیم و هەروەهاش شەڕی دژی تێرۆریزم.

ئەردۆغان یەکەم سەرۆکی تورکیایە لە ماوەی شەست ساڵی ڕابردوودا سەردانی ڤاتیکان بکات. پێشتر لە ساڵی 2014 دا هاوکاتی سەردانەکەی بۆ ئەستانبوڵ، پاپا فرانسیس لەگەڵ سەرۆکی تورکیادا کۆبووەوە.

ئەردۆغان و پاپا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بڕیاری ئەمەریکا سەبارەت بە شاری ئۆرشەلیم و دەڵێن ئەو بڕیارە لەوانەیە ببێتە مایەی تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست.

سەر لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە تورکیا و بەر لە چوونەکەی بۆ ڤاتیکان، ئەردۆغان ئاماژەی کردووە بەوەی بەرنامەی هەیە لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پاپادا باس لە رەوشی مرۆڤایەتی بکات لە سوریادا و شەڕی دژی تێرۆریزم و ئیسلامۆفۆبیا و هەروەهاش ڕەوشی شاری ئۆرشەلیم.

ئەردۆغان دەڵێت، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە تەنهایە لەو بڕیارەیدا بۆ دانانی ئۆرشەلیم بە پایتەختی ئیسرائیل.

وەهاش بڕیارە سەرۆکی تورکیا لە درێژەی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئیتالیا و هەروەهاش سەرەک وەزیری ئیتالیادا کۆببێتەوە.

کاربەدەستانی ئیتالیا 3500 پۆلیسیان بڵاوە پێکردووە و هەروەهاش بۆ 24 کاتژمێر خۆپیشاندانیان قەدەغە کردووە واتە لەو کاتەوەی ئەردۆغان لە درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە کە گەیشتۆتە ڕۆما تا کاتی گەڕانەوەی لە درەنگانێکی ئەمڕۆ دووشەممەدا.

XS
SM
MD
LG