Accessibility links

ئەردۆغان هیواخوازە ماکرۆن لە دەسەڵات نەمێنێت


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا هیوادەخوازێت بە زووترین کات ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە پـۆستەکەی نەمێنێت.

ئەردۆغان ڕۆژی هەینی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوان لە ئستەنبوڵ گوتی"ماکرۆن کێشەیە بۆ فەڕەنسا. بەهۆی ماکرۆنەوە فەڕەنسا لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە. هیوادارم فەڕەنسا هەرچی زووە لە کێشەی ماکرۆن ڕزگاری بێت."

گوتیشی فەڕەنسا ڕۆڵی نێوبژیوانی لە کێشەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان لەدەست دا پاش ئەوەی ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نیشتمانی فەڕەنسا کۆمەڵێک بڕیاریان پەسەندکرد بۆ دانپـیادانان بە هەرێمی ناگۆرنۆ- قەرەباغ.

ئەردۆغان لە درێژەی لێدوانەکەی پشتیوانی خۆی بۆ ئازەربایجان دەربڕی و گوتی"هاوڕێی ئازیزم عەلی‌ێڤ (ئیلهام عەلی‌ێڤ سەرۆکی ئازەربایجان) ئامۆژگاریـیەکی جوانی فەڕەنسایـیەکانی کرد کاتێک وتی ئەگەر ئەرمەنەکانەکانتان هێندە خۆش دەوێت مارسیلیایان بدەنێ. منیش هەمان ئامۆژگاریـیان دەکەم، ئەگەر ئەوان ئەرمەنەکانیان هێندە خۆش دەوێت دەبێت مارسیلیا بدەن بە ئەرمەنەکان."

ماوەی چەند ساڵێکە پەیوەندیـیەکانی نێوان تورکیا و فەڕەنسا ڕوویان لە گرژی کردووە، بە تایبەتی لە ئەمساڵدا لەسەر شەڕی ناو لیبیا و هەوڵەکانی ئەنکەرە بۆ دۆزینەوەی نەوت و گاز لە دەریای ناوەڕاست.

XS
SM
MD
LG