Accessibility links

ئەردۆغان: تورکیا ڕێگە نادات دەوڵەتێـک لە باکوری سوریا دابمەزرێت


سەرۆکی تورکیا دەڵێت دەکرێت لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکادا بکرێتەوە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی دانۆڵد ترامپدا.

ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکیدا لە کۆنگرەی ئەنجومەنی ئەتلەنتیک لە ئەستانبوڵ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کردووە ئەو ئاماژانە دەبینێت کە سەرۆک ترامپ هەڵوێستێکی تۆکمەتری هەیە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم، وەک لە بەڕیوبەرایەتی پێشووی ئەمەریکا.

هەر لەم وتارەیدا ئەردۆغان ڕەخنە و ناڕەزاییەکانی خۆی دووبارە کردەوە لەسەر ئەو هاوپەیمانێتییەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ کوردەکانی سوریادا هەیەتی کە سەرۆکی تورکیا بە تێرۆریست ناودێریان دەکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت ئەو پشتیوانییە کۆنکرێتییەی لە کورد دەکرێت زیان لە گیانی هاوپەیمانێتی و کاری هاوبەش دەدات.

سەرۆکی تورکیا دەشڵێت ئێستا تورکیا و لەشکری ئازادی سوریا و هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەتوانن ئەم تێرۆریستانە لەناوبەرن کە بە 2500 بۆ 5000 کەس ئەژماری کردن و دەشڵێت ئەوە کارێکی قورس نییە و سەرکەوتووش دەبن تیایدا.

ئەردۆغان دووپاتیشی کردەوە تورکیا دژی دابەشکردنی سوریایە و لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتەدایە، وە ئاگاهی دا ئەنکەرە ڕێگە نادات دەوڵەتێـک لە باکوری سوریادا دابمەزرێت و لە بەرامبەر هەوڵی لەو جۆرە دەستەوەستان ناوەستێت.

بڕیارە لە 16 ی مانگی پـێنج سەرۆک ترامپ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە واشنتن کۆبـبێتەوە.

XS
SM
MD
LG