Accessibility links

ئەردۆغان داوای دەمیرتاش بۆ خودموختاری کورد لە تورکیا بە خیانەت ناودێردەکات


سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەو لێدوانەی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە داویەتی بۆ دروستکردنی دەوڵەت شتێـکی ئیستفزازیـیە و خیانەتە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە ئستەنبوڵ بەر لەوەی بەرەو عەرەبسـتانی سعودیـیە بەڕێبکەوێت، بە ڕۆژنامەوانی گوت دەمیرتاش بە پـێی چ یاسایەک باس لە پـێکهێنانی دەوڵەت لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەکات. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد دەسـتوری تورکیا ڕێگە بەو کارە نادات.

پاشان هەڕەشەی لە دەمیرتاش و هەدەپە کرد و گوتی خەڵک و یاسای تورکیا پەندێـکی باشیان پێ دەدەن. گوتی ئەوەی ئەوان باسی دەکەن نە لە دور و نە لە نزیک پەیوەندی بە دیموکراسیـیەوە نیـیە، وە خواستی گەل لە چەک بەهێزترە.

هاوکاتی ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان هێزەکانی تورکیا بە چەکی قورس گەمارۆی چەندان ناوچەی کوردیـیان لە وڵاتەکە داوە، حکومەت دەڵێت شەڕی پەکەکە دەکەن، بەڵام کاربەدەسـتانی هەدەپە ئەو ئیدیعایەی حکومەت ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن هێرشە بۆ سەر ئەو خەڵکەی ناڕەزایی بەرامبەر حکومەت دەردەبڕن.

ڕۆژی دووشەممە داواکاری گشتی لە ئەنکەرە دەسـتی بە لێکۆڵینەوە لەسەر شەش کەس کردووە کە یەکێـکیان سەڵاحەدین دەمیرتاشە، سەبارەت بە پشـتگیریکردن لە خۆبەرێوبەری هەرێمی لە ناوچە کوردیـیەکانی تورکیا.

XS
SM
MD
LG