Accessibility links

ئەردۆغان باس لە شیانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لەشکری لە شەنگال دەکات


سەرۆکی تورکیا جارێکی دیکە باسی شەنگالی کردەوە و گوتی شیانی هەیە وڵاتەکەی لە هەر ساتێکدا هێرشی سەربازی ئەنجام بدات بۆ وەدەرنانی بە گوتەی خۆی تێرۆرستان لەو ناوچەیەی باکوری عێراق.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی لە ئستەنبوڵ لەلایەن ڕۆژنامەوانانەوە پـرسیاری لێکرا سەبارەت بە سەردانەکەی خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری وڵاتەکەی بۆ عێراق، گوتی "تورکیا ئامادەیە پشتیوانی پـێشکەش بکات بۆ وەدەرنانی تێرۆرستان لە شەنگال، ئەگەر حکومەتی عێراق داوامان لێبکات."

پـرسیاری لێکرا ئایە ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی تورکیا هەمیشە بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئامادەیە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ناکرێت کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان ئاشکرابکەن، گوتی"گوتەیەکم هەیە هەمیشە دەیڵێمەوە، ڕەنگە شەوێک لە ناکاودا بێـین. ئەمە پـوختی بابەتەکەیە."

جێی ئاماژەیە ئەم قسەیەی ئەردۆغان پـێشتر لە ڕۆژانی پـێش هێرشی سەر عەفرین لە ساڵی 2018 و لە هێرشی سەر گرێ سپی و سەری کانی لە ساڵی 2019 گوتویەتی.

XS
SM
MD
LG