Accessibility links

ئەردۆغان: ڕەفتاری ئەرمینیا بەرامبەر ئازەربایجان دەرەنجامی دەبێت


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵیت ڕەفتاری ئەرمینیا بەرامبەر ئازەربایجان جێی قبوڵکردن نیە و دەرەنجامی دەبێت، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.

ئەردۆغان لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا وتی " پێمان وایە ئەو ڕەوشەی دروست بووە بەهۆی پێشێلکاری ئەرمینیاوەیە لە ڕێکەوتنەی دوای جەنگەکەی ساڵی 2020 وە کە بە سەرکەوتنی ئازەربایجان کۆتایی هات، جێی قبوڵکردن نیە."

ئەرمینیا و ئازەربایجان دەیان ساڵە لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ ناکۆکییان هەیە، هەرێمەکە لە خاکی ئازەربایجاندایە، بەڵام زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئەرمینین. دوو وڵاتەکە یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دەستپێکردنی پێکدادانەکانی سەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە کە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستیپێکردووە.

ئەردۆغان وتی " هیوادارین ئەرمینیا بە زووترین کات لەم ئاڕاستە هەڵەیە پاشگەز ببێتەوە و کات و وزەی خۆی بۆ پتەوکردنی ئاشتی بەکاربهێنێت."

وتیشی " بێگومان ئەم ڕەفتارە دەرەنجامی دەبێت بۆ ئەرمینیا، کە نەک تەنها پابەندی مەرجەکانی ڕێکەوتنەکە نەبووە بەڵکو ڕەفتارێکی دوژمنکارانەش پیشان دەدات."

جێی ئاماژەیە تورکیا پشتیوانی لە ئازەربایجان دەکات و ڕووسیاش هاوپەیمانی ئەرمینیایە و هەزاران سەربازی ئاشتی پارێزی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە، هەروەها بنکەیەکی سەربازیشی لە ئەرمینیا هەیە.

بەرپرسێکی باڵای تورکیا وتی ئەردۆغان و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دواتر لەم هەفتەیەدا لە سەمەرکەندی ئۆزبەکستان کۆدەبنەوە و باس لە شەڕەکەی ئەمدواییەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG