Accessibility links

پـۆلیس: دایکیک بۆ نزیکەی 30 ساڵ کوڕەکەی لە ماڵەوە زیندانی کردبوو


پـۆلیسی سوید ژنێکی تەمەن حەفتا ساڵی دەستگیرکرد بە تۆمەتی زیندانیکردنی کوڕەکەی بۆ ماوەی نزیکەی 30 ساڵ.

ئیما ئۆلسۆن، داواکاری گشتی ستۆکهۆڵم ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت ڕۆژی یەکشەممە خزمێکی ژنەکە بەوەی زانیبوو کاتێک کوڕەکەی لە دۆخێکی زۆر خراپدا بینیبوو لە ژورێکی ئەپارتمانی ژنەکەدا. گوتیشی پـێدەچێت بۆ نزیکەی 30 ساڵ لەویادا بووبێت.

بەپـێی چەند ڕۆژنامەیەکی سویدی کوڕەکە کە ئێستا پـیاوێکە و تەمەنی 40 ساڵە، لە تەمەنی 12 ساڵیـیەوە نەچووەتەوە قوتابخانە ، بۆیە لەوانەیە لە ماوەی 28 ساڵی ڕابردوو وەها زیندانی کرابێت.

کاربەدەستانی پـۆلیس ناوی ژنە و کوڕەیان ئاشکرانەکرد، بەڵام گوتیان کوڕەکە لە حاڵەتێکی بەدخۆراکی خراپدابووە و دانی لە دەمدا نەماوە و نەیتوانیوە قسە بکات و چەندین برین بە جەستەوەی هەیە و کاتێک کە چوونەتە سەری تەنیا لەسەر بەتانیـیەک بووە لە ژورەکەدا. دەشڵێن ژورەکەی بۆنی کەڕووی لێدەهات. باس لەوەش دەکەن هێندە بێ هێزبووە نەیتوانیوە بەپـێی خۆی بڕوات.

داواکاری گشتی گوتیشی دایکەکە نکۆڵی دەکات لەوەی کوڕەکەی زیندانی کردبێت یان ئازاری جەستەیی دابێت.

پـۆلیس بەردەوامە لە پـشکنینەکانی لە ئەپارتمانی ژنەکەدا.

دۆن سۆمبۆن کە ئەندازیارێکە و لە نزیک ئەو ئەپارتمانە دەژی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە"تووشی شۆک بووین ئەمەمان بیست کە لە نزیکمانەوە ڕوویداوە. کچێکی تەمەن 24 ساڵیش کە هەر لەو ناوچەیە دەژی ئەویش گوتویەتی " ڕووداوێکی ترسناکە، بە ڕاستی من لەم ناوچەیە گەورەبووم و هەمیشە هەستم کردووە ئەو ژنە ئاسایی نیـیە."

هێشتا نازانرێت بۆچی ئەو ژنە وەهای لەو کوڕەی کردووە.

XS
SM
MD
LG