Accessibility links

شەپـۆلی ئەلیکترۆنی سندوقی ڕەشی فڕۆکەکە میسریـیەکە لە نێو دەریای ناوەڕاست وەردەگیرێت


کەشـتیەکی هێزی دەریایی فەڕەنسا شەپـۆلی ئەلیکترۆنی یەک لە دوو سندوقە ڕەشەکەی فڕۆکە میسریـیەکەی وەرگرتووە، ئەوەی لە 19 ی ئەم مانگە لە پاریسەوە بە 66 کەسەوە بەرەو قاهیرە بەڕێکەوت و لەسەر دەریای ناوەڕاست کەوتە خوارێ.

کەشتی چاودێری La Place کە سێ ئامێری زۆر بەهێزی تێدایە بۆ وەرگرتنی شەپـۆلی ئەلیکترۆنی لە قوڵایی دەریا، ئەمڕۆ چوارشەممە شەپۆلەکەی وەرگرت لەو کاتەی لەگەڵ تیمەکانی دەریایی سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی پاشماوەی فڕۆکەکە بوون.

لێکۆڵەرەوانی فەڕەنسی کە بەشدارن لە هەڵمەتی دۆزینەوەی شوێنی کەوتنی فڕۆکەکە، پشـتڕاستیان کردەوە کە شەپـۆلەکان لە یەک سندوقی ڕەشی فڕۆکەکەوە دەرچوون.

هاوکات کەشتیـیەک بۆ شوێنەکە ڕەوانەکراوە کە تایبەتە بە پـشکنین لە قوڵایی دەریا، ئەمەش تاوەکو یارمەتی بدات لە هەڵگرتنەوەی هەردوو سندوقی ڕەشەکە. دەڵێن ڕۆبۆتێـک لە کەشتیـیەکەدا هەیە دەتوانێت بۆ قوڵایی 3 هەزار مەتر دابەزێتە نێو ئاوی دەریاوە و سندوقە ڕەشەکان هەڵبگرێتەوە. کاربەدەسـتان دەڵێن کەشتیـیەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا دەگاتە شوێنەکە.

جێی ئاماژەیە وزەی باتری سندوقی ڕەشی فڕۆکە بەشی ماوەی چوار بۆ پـێنج هەفتەی ئامێری پەخشەکەی دەکات شەپـۆلی ئەلیکترۆنی دەربکات تاوەکو یارمەتی لە دۆزینەوەی بدات.

هیوایەکی زۆر هەیە بە دەسـتکەوتنی زانیاریـیەکانی نێو هەردوو سندوقی ڕەشی فڕۆکەکە بزانرێت هۆکاری کەوتنی فڕۆکەکە چی بووە، بە تایبەتی ئایا هێرشێـکی تێرۆرستی بووە یان نا.

XS
SM
MD
LG